گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندەکەی حکومەتی هەرێم و سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە.. بزانە بەرهەم ساڵح چی وتووە؟

2020.04.30 - 19:57
App store icon Play store icon Play store icon
شاندەکەی حکومەتی هەرێم و سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە.. بزانە بەرهەم ساڵح چی وتووە؟

ناس کورد-

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و دوپاتیکردەوە، ناكرێت پرسی مووچە و بودجە و قوتی خەڵك تێكەڵ بەمیزاج ‌و وابەستەی ململانێی سیاسی بكرێت، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش بەرهەم ساڵح بە ڕاشکاوی هەندێک شتی بە شاندەکەی هەرێم وتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی نیسانی 2020، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لەكۆشكی سەلام لەبەغدا، پێشوازیکرد لەشاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا، بەرهەم ساڵح جەختی لەوە كردووە، پێویستە ئیدی ھەموو ھەوڵەكان بەئاقاری زوو چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بێت لە نێوان بەغدا و هەولێر و پەلەش بكرێت لەدۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ كێشەكان.

 

 ھاوکات سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ناكرێت پرسی مووچە و بودجە و قوتی خەڵك تێكەڵ بەمیزاج ‌و وابەستەی ململانێی سیاسی بكرێت.

 

بەرھەم ساڵح جەختیشیکردەوە، پێویستە لەڕێگای دانوستاندنێكی جددی و یەكلاكەرەوە ھەرچی زووە لەسۆنگەی دەسپێشخەری و گیانی لەیەكتری تێگەیشتنی تەواو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی دەستوور و یاسا بەركارە نیشتیمانییەكاندا یەكلایی بكرێتەوە، بەتایبەت كێشەی داهاتوو و یاسای نەوت و گاز، لەسەرووی ھەمووشیانەوە مووچە و قوتی خەڵك و فەرمانبەران.

 

 بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بەرھەم ساڵح، بەڕاشكاوی بەشاندی ھەرێمی كوردستانی راگەیاند: "گرنگە ھەردوولا لەسۆنگەی پەرۆشی بۆ ماف و مووچە‌ و بژێوی و خزمەتكردنی شایستە بەھاوونیشتمانیان، پەنجە بخەنە سەر برینەكان و دوور لە بێنە و بەردەی سیاسی و ئیجتیھاداتی كەسی، ھەوڵبدەین چارەسەری ریشەیی ‌و دەستووریی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە و فەرمانبەران و ھاوونیشتمانیان لەم دوو دڵی نەھامەتی و دڵەڕاوكێیە دەرباز بكرێن".

 

هاوکات سەرۆککۆماری عێراق بۆ شاندی ھەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە، گرنگ‌ و پێویستە بەشێوەیەكی شەفافانە پرسی تەسوییەی دارایی لە سەرانسەری عێراق بە ھەرێمی كوردستانیشەوە بەڕیوەبچێت كە بەپێی دەستوور و یاسای بودجە ڕێوشوێن و میكانیزم و چوارچێوەی ماف و بەرپرسیارییەكانی بۆ دانراوە،.

 

ئەوەشی راگەیاند، مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیکەی عێراق مافێكی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازییەكان و ناكۆكی ‌و دەرھاویشتە‌ سیاسییەكانەوە و دەستی بۆ ببرێت، چونكە ئەوە مافێكی دەستووریی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانە وەك سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق.

 

هەروەها سەرۆككۆماری عێراق پشتیوانی خۆشی بۆ هەوڵی شاندەكەی هەرێم لەبەغدا و چارەسەری كێشەكان دووپاتكردەوەو باسی لەوەش كرد، دۆخی ئابووری جیھان و عێراق و ھەرێمیش گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، ئەمەش وا دەخوازێت بەزوویی پێداچوونەوە بە دۆخی دارایی بكرێت‌ و هەوڵەكان بۆ چاكسازی لەسەرجەم سێكتەرە جیاوازەكان چڕ بكرێتەوە.