گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەفدی هەرێم لەگەڵ مالیکی و عەبادی کۆبوونەوە.. باسی چییان کرد؟

2020.04.29 - 23:47
App store icon Play store icon Play store icon
وەفدی هەرێم لەگەڵ مالیکی و عەبادی کۆبوونەوە.. باسی چییان کرد؟

ناس کورد-
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان پێکهاتەکانی پڕۆسەی سیاسی عێراق لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هەستیارەی کە ئێستا عێراقی تێدایە، ڕاشیگەیاند، پێویستە هەردوو یاسای نەوت و دابەشکردنی سامانە نیشتیمانییەکان بەزووترین کات دەنگی لەسەر بدرێت.

 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


ئەمڕۆ( چوارشەممە، 29ی نیسانی 2020) هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەمیانی کۆبوونەوەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئابوری عێراق کراوە لەگەڵ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان".


ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مالیکی بە قوباد تاڵەبانی وتووە "پێویستە هەردوو یاسای نەوت و دابەشکردنی سامانە نیشتیمانییەکان بەزووترین کات دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی شێوازی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێت".


مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوەشی خستوەتە ڕوو، کەلایەنە سیاسییەکان دەبێت بەردەوامبن لە زمانی گفتوگۆکردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالەبارەی کە ئێستا عێراق گیرۆدەی بووە.


لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە قوباد تاڵەبانی، ڕێزوسڵاوی سەرکردایەتی کوردی بە مالیکی گەیاندووە وجەختیکردوەتەوە کە هەرێمی کوردستان سورە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و هێزە سیاسییە عێراقییەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوولا.

 

هەر ئەمڕۆ وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەرۆكی هاوپەیمانێتی نەسر کۆبوەوە و لەکۆبوونەوەکەدا لەبارەی كێشەكانی بەغدا و هەولێر و چارەسەری یاسایی و گشتگیری گرفتەكان بیروڕایان گۆڕییەوە.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەفدەکەی هەرێمی کوردستان "لە هەر دوو کۆبوونەوەکەدا تیشكخرایە سەر هۆكار و ریشەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باس لەوەكرا هۆكاری هەندێک لەو كێشانە بۆ بۆشایی یاسایی دەگەڕێتەوە بە تایبەت لە بواری نەوت و گازدا."

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "لەلای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی پێشنیارەكانی چارەسەری بە هەردوو سەركردە عێراقییەكە گەیاند و هەموولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی گۆڕینەوەی بیروبۆچوون تا گەیشتنە رێكەوتنێكی هاوسەنگ و گشتگیر بۆ سەرجەم كێشەكان".