گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی کۆرۆنا نەهامەتی مێینەکان لە سەرانسەری جیهاندا زیاد دەکات

2020.04.29 - 21:25
App store icon Play store icon Play store icon
 نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی کۆرۆنا نەهامەتی مێینەکان لە سەرانسەری جیهاندا زیاد دەکات

ناس کورد-

 ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات ڕێکارەکانی بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا حاڵەتەکانی دووگیانی بێ بەرنامە، تووندوتیژی سێکسی دژبە ئافرەتان و خەتەنەکردنی کچان بە ملیۆنان حاڵەت زیاد بکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ڕێکخراوی سندوقی دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووە و ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی ئەو ڕێکارانەی کە ئێستا لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێن بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، پێدەچێت ژیانی ملیۆنان ئافرەت و کچ لە جیهاندا دووچاری مەترسی گەورە بکاتەوە.

 

 بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوە، لە ئاکامی ڕوپێوێکیدا کە زیاتر لە  47 مليۆن  ئافرەت لە 114وڵاتدا بەشدارییان تێیدا کردووە، دەرکەوتووە بەردەوامبوونی ڕێکارەکانی کەرەنتینەکردنی گشتی لە جیهاندا بۆ ماوەى شەش مانگی دیکە پێدەچێت ببێت بە هۆکاری دروستبوونی نزیکەی حەوت ملیۆن حاڵەتی دووگیانی بێ بەرنامە، ئەوەش بە هۆی دەست نەگەیشتنی ئەو ئافرەتانە بە ئامرازەکانی ڕێگرتن لە حاڵەتی دووگیانی بوون.  

 

 نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری ئەوەشی داوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ڕێکارەکانی داخستن و کەرەنتینەی گشتی لە جیهاندا 31 ملیۆن ئافرەت ڕووبەڕووی تووندوتیژی سێکسی ببنەوە.

 

لای خۆشییەوە، ناتالیا کانم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان دەڵێت "پێشبینی دەکرێت لێکەوتەکانی قەیرانی کۆرۆنا لە ماوەیەکی نزیکدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر توێژی ژنان لە جیهاندا بەڕوونی دەربکەوێت".

 

ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە "پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆکاری قوڵکردنەوەی نادادپەروەری لە نێوان چینی ژناندا لە سەرانسەری جیهان،  چونکە وایلێکردون توانای ئەوەیان نەبێت بە شێوەیەکی باش پارێزگاری لە ژیانیان و تەندروستییان بکەن".

 

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، هوشداری لە مەترسی زیادبوونی حاڵەتەکانی خەتەنەکردنی مێینە لە جیهاندا داوە بەو پێیەی ڕێکارەکانی بەرگرتن لەو پەتایە وایکردووە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەکانی بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە لە جیهاندا توشی شکست بکات و نەتوانێت وەک جاران بە شێوەیەکی کارا چاودێری ئەو حاڵەتانە بکات. 

 

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، قەیرانی کۆرۆنا ڕێگری کردووە لە هەوڵەکانی ئەوان بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیری کچانی هەرزەکار و منداڵان، پێشبینی ئەوەشی کردووە حاڵەتەکانی بە شودانی منداڵان لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2030 بگاتە 13 ملیۆن حاڵەت.

 

 ڕاپۆرتەکەی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، بەهاوکاری زانکۆی" جۆنز هۆبکنزی ئەمریکی، زانکۆی فیکتۆریا لە ئوستورالیا و ڕێکخراوی ئفنێرهێڵس". ئەنجامدراوە.