ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، پاش سەرکەوتنی تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە لایەن کۆمەڵێک توێژەری بەریتانی پەرەی پێدراوە، بڕیارە حکومەتی بەریتانیا خەرجى پڕۆژەی دروستکردنی ئەو پێکوتە بدات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بەردەست بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بە گوێرەی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، کۆمەڵێک زانا و توێژەری پەیمانگای جێنەر سەر بە زانکۆی ئۆکسفۆر لە بەریتانیا سەرقاڵی پڕۆژەی دۆزینەوەی پێکوتەیەکن دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئاماژە بەوەش کراوە، پاش ئەنجامدانی ژمارەیەک تاقیکردنەوە لەسەر پێکوتەکە، پێدەچێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پێکوتەیە فەراهەم بکرێت و لەسە رمرۆڤ تاقیبکرێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، پڕۆژەی پێکوتەکە بەسەرپەرشتی زانایانی پەیمانگای" جێنەر"ی سەربە زانکۆی ئۆکسفۆردە وحکومەتی بەریتانیاش بەڵێنی ئەوەی داوە خەرجى پڕۆژەکە بگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی لە کاتێکی نزیکدا ئەو پێکوتەیە ڕۆشنایی ببینێت و لەسەر هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیبکرێتەوە.
ئاماژە بەوەکراوە پێکوتە بەریتانییەکە ناوی "ChAdOx1 nCoV-19" لە ڤایرۆسی زیان نەبەخش دروستکراوە و لە تاقیگەش لەڕێگەی دەستکاری جینی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێک لە ڤایرۆسەکە بەکارهێنراوە لە دروستکردنی پێکوتەکە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، توێژەرانی بەریتانیا توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو پێکوتەیە بدۆزنەوە، بۆیە لە ئێستادا باوەڕێکی زۆریان هەیە بە سەرکەوتنی ئەو پێکوتەیە لە قەلاچۆکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هاوکات ماڵپەڕی" بیزنس ئینسایدر" ئاماژەی بەوەکردوە، پێشتر ئەو پێوتەیە لەسەر شەش مەیمون تاقیکراوەتەوە و ئەنجامەکانی ئەرێنى و کارابوون سەرباری ئەوەی مەیمونەکان ڕێژەیەکی زیاد بەدەریان لە ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێدراوە.
لای خۆشییەوە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی، ئەوەی ئاشکرا کردووە، بڕیاروایە پێکوتە بەریتانییەکە لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر نزیکەی شەش هەزار کەس تاقیبکرێتەوە.
هەرچەندە شارەزایانی بواری دروستکردنی پێکوتەکە پێیانوایە دروستکردنی ڤاکسینێکی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی 12 مانگی دەوێت، بەڵام زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد دڵنیایی ئەوە دەدەن کە پێکوتەکە لە کۆتایی وەرزی هاوین و سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بەردەست دەبێت.
هاوکات ئەدریان هێڵ، بەڕێوەبەری پەیمانگای جێنەر، دەربارەی پێکوتە بەریتانییەکە، وتویەتی "ئامانجمان ئەوەیە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوودا نیو ملیۆن دانە لەو پێکوتەیە بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا فەراهەم بکەین".