گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشێک لە لایەنەکان دەستبەرداری مەرجەکانیان بوون بۆ کازمى.. ڕەنگە بەبێ فەتح كابینەكە تێپەڕێت

2020.04.29 - 15:55
App store icon Play store icon Play store icon
بەشێک لە لایەنەکان دەستبەرداری مەرجەکانیان بوون بۆ کازمى.. ڕەنگە بەبێ فەتح كابینەكە تێپەڕێت

ناس کورد-

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشكرایكرد، لایەنە كوردی و سونەكان سازشیان لە سەپاندنی مەرجی كاندیدێكی دیاریكراو كردووە و كازمییان بۆ ئەو كارە سەرپشك كردووە، بەڵام فەتح لە دۆخەكە ناڕازییە و ڕەنگە بەبێ ئەو لایەنە شیعیە كابینەكە تێپەڕێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەكە بە كەناڵی حوڕەی ئەمریكی ڕاگەیاندووە، لایەنە سیاسیەكان مەرج بۆ ناوێكی دیاریكراو بۆ كابینەیەكی وەزاری ناسەپێنن بەسەر كازمیدا و سازشیان لەو مەرجە كردووە بۆ نمونە سەپاندنی فوئاد حوسێن كە كێشەیەكی گەورە بوو بەلای هاوپەیمانی فەتحەوە، بەوەش ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی ئەو ئاڕاستەیە دەكەن و كازمییان سەرپشك كردووە، لایەنە كوردیەكان و سوننە و حیكمە و سائیرون و نەسرن.

 

باسی لەوەشكردووە، ئەو لایەنە سیاسیانە دەتوانن بەبێ فەتح لەپەڕلەمان كابینەكە تێپەڕێنن لەبەر ئەوەی  فەتح تەنها 46 كورسی پەڕلەمانی هەیە و باقی لایەنەكانی تر نایانەوێت  ببنە ئێسكێكی شكاو.

 

بەوتەى سەرچاوەكە، ئەگەر حكومەتە كە بەبێ فەتح پێكبهێنرێت ئەوا حكومەتەكە ئەمریكی دەبێت وبەهۆی دژایەتیەكانی ئێرانیشەوە ئەوكات لەخزمەتی پڕۆسەی سیاسیی دا نابێت و سەرباری ئەوەش فەتح دەبێتە بەربەست بۆ حكومەتی داهاتوو  و باڵە سەربازیەكەشی كێشەی ئەمنی دەخولقێنن.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی دركاندووە، گفتوگۆكان لەگەڵ فەتح دا بەردەوامە بۆ ئەوەی سازش لە كۆمەلێك داواكاری بكات و لە هەمانكاتیشدا هۆشداری ئەوەشیانداوەتێ كە بەبێ ئەو كابینەكە تێدەپەڕێنن.

 

لەسەرەتای دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەكەدا، كازمی پشتیوانی چەند لایەنێكی شیعەی بەدەستهێنا و ئەویان سەرپشك كرد، بەتایبەت لیژنە حەوت لایەنییەکە، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی وتوێژی كابینە وەزارییەكاندا چوار لەو لایانانە كە جوڵانەوەی عەتا و سادیقون و گروپی عامری و گروپی ئەحمەد ئەسەدن پاشگەزبونەوە و وتیان كە بەشی خۆیان لەكابینە وەزارییەكان دەوێت.

 

پاساوی ئەو لایەنە سیاسیەش بۆ هەڵگەڕانەوە لە كازمی  ئاسانكاری كازمییە بۆ كورد و سوننەكان و توندبوونە لەگەڵ ئەواندا.



بەڵام هەر سێ لایەنی نەسر و حیكمە و نەسر كازمییان سەرپشك كردووە بۆ دیاری كردنی كاندیدەكان.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كێشەیەكی تر سەرهەڵئەدات گەر كوردیش داوای كرد پشكی خۆی بەربكەوێت و خۆشیان كاندیدەكان دیاری بكرن و دوبارە جەخت لە وەرگرتنی وەزارەتی دارایی بكاتەوە ئەوا دۆخەكە ئاڵۆز دەبێت.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی دركاندووە لە كۆبونەوەكەی دوێنێی شیعەكاندا ڕێكەوتن لەسەر ئەوە كراوە حكومەت لە 22 وەزارەت پێكبێت، 11 وەزارەتی بۆ شیعەكان و 6 بۆ سوننە و 3 وەزارەتیشی بۆ كورد و وەزارەتێكیش بۆ مەسیحیەكان و وەزارەتێكیش بۆ توركمانەكان.

 

ئەوەشی خستووەتە ڕوو لەناو وەزارەتە شیعەكاندا، 3 وەزارەتی بەركەوتەی هاوپەیمانی فەتحن.