ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی میسر ڕایگەیاند، %30ی توشبووانی کۆرۆنا لەو وڵاتە پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانەکان گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش نزیکە لە دۆخی هەرێمی کوردستان کە کۆی سەرجەم مردووانی توشبووی ڤایرۆسەکە پێش گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکان گیانیانلەدەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستیی میسر ڕایگەیاند: "%30ی ئەو توشبووانەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان گیانیانلەدەستداوە پێش گەیشتنیان بە نەخۆشخانە مردوون و دواتر دەرکەوتووە توشبووی ڤایرۆسەکە بوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها لەکۆی ئەو کەسانەی گیانیانلەدەستداوە، %20یان دوای 48 کاتژمێر لە گەیشتنیان بە نەخۆشخانە گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی درەنگ گەیشتنیان بە نەخۆشخانە و درەنگەوتنی چارەسەرە پزیشکییەکان.
وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە داواشی لە هاووڵاتیان کردووە، هەرکات هەستیان بە هەناسە توندی یاخود نیشانەکانی پەتاکە کرد، بەزووترین خۆیان بگەیننە سەنتەرێکی پزیشکیی نزیک بۆ ئەوەی حاڵەتەکەیان دەستنیشانبکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستانیش کۆی ئەو توشبووانەی ڤایرۆسەکە کە گیانیانلەدەستداوە و پێنج کەس، دوای مردنیان پشکینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن.