ناس کورد-
سه‌رۆك كۆماری عێراق بەمەبەستى چارەسەرى پرسى موچە و پێکهێنانى حکومەت پێشوازی له شاندی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان کرد و ڕایگەیاند، پێویستە موچەی هاوڵاتیان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت و دڵسۆزانی وڵات ئەوە قبوڵ ناکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی نیسانی 2020، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق پێشوازیکرد له سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی لیژنه‌كه.
له دیداره‌کەدا سه‌رۆككۆماری عێراق جه‌ختى له‌وه‌كردووه، پێویستە كۆششه‌كان بەو ئاراستەیە بن تاوه‌كو پەلە بکرێت لە دۆسیه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و پرۆسەى چاکسازى ڕیشەیى، چونکە بۆ ئێستا چاكسازیی بوەتە پێویستییەکى گرنگ.
سه‌باره‌ت به پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمیش له‌سەر داهاته‌كان و یاسای نه‌وت و گاز، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد: "پێویسته په‌نا به‌رینه به‌ر ده‌ستور و پابه‌ندی یاسای بودجه و به‌ركه‌وته‌كانی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بین، له پێناو گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شیش كه مافی سه‌رجه‌م هاوڵاتیان ده‌پارێزێت و گرنگە بە ڕاشکاوانە پەنجە بخرێتە سەر برینەکان و چارەسەرى ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە".
سەرۆککۆماری عێراق ڕاشگەیاند: "موچه‌ی هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سه‌رجه‌م هاوڵاتییانی دیکەی عێراق مافێكی ده‌ستورییه و نابێت به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رهاویشته سیاسییه‌كانه‌وه ده‌ستی بۆ ببرێت، هەروەها جەختیکردەوە لەوەى پێویستە بەشێوەیەکى شەفافانە پرسى تەسوییەی دارایی بەڕیوەبچێت بەپێی دەستور و یاسای بودجە، بەلام نابێ ئەمە ببیتە مایە دواخستن یاخود بڕینی موچەی فەرمانبەران".
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، دۆخەکە قورسە و پێویستى بە ئیرادەى چارەسەرێکى دادپەروەرانەیە و پێویستیشە موچەخۆران نەکرێنە قوربانى ناکۆکییە سیاسییەکان، چونکە دڵسۆزانی وڵات قبوڵی ئه‌وه ناكه‌ن كه هاوڵاتییان باجی ناكۆكییه سیاسییه‌كان بده‌ن.