ناس کورد-
دوای ئەوەى شەوی ڕابردوو دوای سێ جار دەستگیرکردنی، ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە ئازاد کرا، هێمن لە فەیسبوکی خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جارێكی تر ئازادیتان باش و مانگی ڕەمەزانتان پیرۆز."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی نیسانی 2020، هێمن مامەند لە فەیسبوکەکەى نوسیویەتی، "دوای مانگێك و سێ رۆژ دەستگیركردنم بەناحەق، دواجار بەرەبەیانی شەوی رابردوو لەزیندان ئازادبووم و بەدایكم و كەس و كارو هاوڕێیانی ئەزیزم شادبوومەوە."
دەشڵێت، "لە سەرەتادا لەبەرخاتری نەعلەكانی دایكم و پرچە سپیەكانی و لەسەر داوای هاوڕێیانی ئەزیزم هیچ پۆستێكم نەكرد، بەدرێژایی ئەمڕۆش لەبەر میوانانی ئەزیز نەپرژامە سەر مۆبایلەكەم و نەمتوانی وەڵامی كەستان بدەمەوە."
ئاماژەى بەوەشکردووە، دووجار دەستگیركردنی من لەماوەی چەند ڕۆژێكدا و هەڵكوتانە سەرماڵم لە درەنگانێكی شەودا و كردنەوەی پێنج دۆسیەی یەك بەدوای یەك و ئازادكردنم بەكەفالەتی زیاتر لەبیست ملیۆن دینار تۆڵەیەكی سیاسیە و پەیوەندی بەو كارە ڕۆژنامەوانیانەوە هەیە كە پێشووتر بڵاوم كردونەتەوە."
دەشڵێت، "پەیوەندی بەو كار و چالاكیە مەدەنیانەیە كە پێشووتر ئەنجاممداوە، وە ئەوەی بەرامبەر من دەكرێت درێژكردنەوەی ئەو ئیرهابەیە كەپێشووتر لەبەرامبەر سەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی ئەنجامدرا، ئەوان ویستیان كاوەو سەردەشتەكان بەگوللـە بێدەنگ بكەن و وەدەیانەوێت ئێمەش بەدۆسیەی زۆر و كەفالەتی ماددی زۆر بێدەنگ بكەن، بەڵام ئەمە خەونێكەو هەرگیز نایەتەدی و سەردەشتێك تیرۆردەكەن كاوەیەك تیرۆردەكەن، دەیانی تر بەڕێوەن."
ڕاشیگەیاند، "لە كۆتاییشدا جارێكی تر ئەو دروشمە دەڵێمەوە كە لە شوێنی نوستنەكەم لە زیندانیش نوسی بووم و زۆرجار زیندانیەكانیش دەیان گووتەوە ئەویش ئەوەیە (ژیان یەكجارە بۆیە پێویستە ئەم یەكجارەش لەپێناو وتنی راستی و ئازادیدا بێت)."