ناس کورد-
پارێزگاری نەینەوا سەرچاوە داراییە نوێیەکانی ڕێکخراوی داعشی بۆ ئەنجامدانی پەلامارەکانی ئاشکراکرد و دەڵێت، لە ئێستادا چەکدارانی داعش بە شێوەی گروپی بچوک لە نێوان سنوری عێراق و سوریا جموجوڵ دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ى نیسانی 2020، نەجم جبوری، پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرایکرد: "لە ئێستادا تاکە سەرچاوەی سەرەکی دارایی کە چەکدارانی داعش پشتی پێ دەبەستن بۆ جموجۆڵە سەربازیییەکان و پەلامارەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەنها وەرگرتنی باج و سەرانەیە لە هاوڵاتیانی ئەو ناوچە سنوریانەی کە بە جۆرێک کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵیان".
ئاماژەی بەوەشکرد: "داعش سەرەڕای پشت بەستن بە وەرگرتنی سەرانە لە خەڵکی ناوچەکان، پارەی دیکەشی هەیە کە کاتی خۆی بەدەستی هێناوە و لە ئێستاشدا لە چەند شوێنێکی نهێنی ئەو پارانەی حەشارداوە".
جبوری جەختیلەوەشکردوەتەوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی جیهان بە پەتای کۆرۆنا و داروخانی ئابوری لە ئێستادا ئەو ڕێکخراوە ناتوانێت سود لە هیچ پاڵپشتێکی دارایی دەرەکی وەربگرێت.
دەربارەی ئەو ناوچانەی کە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو داعش تێیدا چالاکە، جبوری وتی: "چەکدارانی داعش لە ئێستادا بە شێوەی گروپی بچوک لە ناوچەی ( جەزیرە) لە نێوان هەردوو پارێزگای ئەنبارو سەلاحەدین نزیک سنورەکانی عێراق و سوریا چالاکی و جموجۆڵەکانیان لە زیادبووندایە".
پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری هەڵکشانی جموجۆلەکانی داعش لەو ناوچانە، بەڵام لەئێستادا جموجۆڵەکانیان لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە.
ماوەی چەند مانگێکە بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی هۆشداری دەدەن لە زۆربوونی چالاکییەکانی داعش لە ناوچە سنورییەکان، هەروەها لە خاڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و چەندین چالاکییان ئەنجام داوە کە تێیدا پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بوونەتە قوربانی.