گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم شمشێرێکی دوو سەری پێیە.. ڕادەستکردنەوەی هەموو شتێک بە بەغدا چۆن دەخوێنرێتەوە؟

2020.04.28 - 18:42
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم شمشێرێکی دوو سەری پێیە.. ڕادەستکردنەوەی هەموو شتێک بە بەغدا چۆن دەخوێنرێتەوە؟

ناس کورد- شەهرام عەزیز

دواجار کێشە دارایی و نەوتییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گەیشتە لوتکە و حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئامادەن کۆی گشتیی مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن، بەڵام بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ئەوە بە گەورەترین مەترسی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان ناودەبەن، بەشێکی دیکەش پێیانوایە نەوت کێشەی سەرەکییەکە نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕادەستکردنی کۆی مەلەفی نەوت بە بەغدا، واتە بەغدا کۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێرێت کە پێشتر %17 بوو، دواتر بۆ %12 دابەزی و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووانی عێراق بەخێرایی بەراورد بە هەرێم لە داهاتوودا پشکی هەرێم بۆ کەمتریش دادەبەزێنێت، بۆیە ئەم هەنگاوەی هەرێم بە سوتاندنی نەوەکانی داهاتوو ناودەبرێت.

 

مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم

 بەوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردوودا و لەدوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، حکومەتی هەرێم ڕازی بووە بەوەی کۆی مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت، چیتر هەرێم بێبەش دەبێت لە بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکانی وەک هەرێمێکی سەربەخۆ.

 

ئەبوبەکر کاروان، سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی ئەو پرسە بە مەترسیدار ناودەبات و پێیوایە هەرەسهێنانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و چارەسەرێکی لەوشێوەیە بە کارەسات ناودەبات.

 

کاروانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "نابێت کورد بیر لەهیچ چارەسەرێ بکاتەوە کە پێگەو بوون و ئایندەی بخاتە مەترسیەوەو نادیدە بگرێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەوە چارەسەرنیە و بیرکردنەوەیە لە دۆخی دێوانەگی و و ماڵوێرانی و داڕووخانی ماددی و مەعنەوی بەدوادادێت".

 

هاوکات عارف قوربانی، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی بەهەمانشێوە پێیوایە، ئەوە چارەسەر نییە و ناکرێت هەرێمی کوردستان بچێتە ژێر باری ئەوەی هەموو مەلەفی نەوت ڕادەست بەغدا بکات.

 

قوربانی بە ناس کوردی وت: " ڕادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوت و داهاتەکان، هیچ مانەیەک بۆ فیدڕاڵییەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان ناهێڵێتەوە، ئەوەی چەندین ساڵە کورد شەڕی بۆ دەکات و شەهیدی بۆ دەدات، ئەی کەواتە فیدڕاڵی لەکوێدایە و کورد بۆ شۆڕشی کرد و ئەو هەموو شەهیدە بۆ درا؟.

 

مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم

 

لە ڕابردوودا، بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووان، حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی دەنارد، پێشتر %17 بوو، دواتر کەمکرایەوە بۆ %12، پێدەچێت لە داهاتوودا کەمتریش بکرێتەوە بۆ خوار %10.

 

بەشێوەیەکی سروشتی و بەگوێرەی کلتوری کۆمەڵایەتی لە عێراق دانیشتووان زۆر بە خێرایی زیاد دەکات، بەراورد بە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەگشتیی خێزانەکان لە عێراق منداڵیکی زۆریان دەبێت و لە هەرێم بەوشێوەیە نییە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018دا ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 137 هەزار کەس زیادی کردووە، لە بەرامبەردا لە عێراق 847 هەزار کەس زیادیکردووە.

 

ئەبوبەکر کاروانی لەوبارەیەوە دەڵێت، بێگومان ئەوە ڕاستە لەسەر مەترسییەکانی ڕادەستکردنی کۆی مەلەفی نەوت و هەروەها بەغدا جێگەی دڵنیایی نییە، چونکە خاوەن ئیرادەی سەربەخۆیی نییە.

 

هەرێم دەبێت چی بکات و چارەسەر چییە

 

ئەبوبەکر کاروانی پێیوایە دوو میکانیزم هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی هەرێم، چارەسەرێکیان خێرایە و ئەوی دیکەیان ستراتیژییە.

 

کاروانی وتی: "ئاساییە ئەگەر هەرێمی کوردستان بۆماوەی یەک ساڵ کۆی مەلەفی نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەڵام لەو زیاتر نا، هەروەها بەغدا خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان دابین بکات و لەبەر ئەوەشی بەغدا جێگای دڵنیایی نییە، پێویستە لایەنی سێیەم لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت، جا ئەمریکییەکانە، ئێرانە، ئەوروپایە هەر شوێنێکە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "دواتر هەرێمی کوردستان پێویستە بەخێرایی دەست بکات بە چاکسازیکردن لە سەرجەم بوارەکاندا هەر لە بەهەردانی سامان تا مەلەفی نەوت و گێرانەوەی ئەو پارانە".

 

ئەو سیاسەتمەدارە ئەوەشی خستەڕوو: "چارەسەری دووەم و ستراتیژی بنیادنانەوەی کۆی دۆخی هەرێمە لەسەر بناغەیەکی نوێ کە هەموو ئەو دابەشبوون و دوو بەرەکی و کۆنتڕۆڵکردنی نفوس و هێزی سەر بە حزب کۆتایی پێبێت و هەرێمی کوردستان بە مانای وشە ببێت بە قەوارەیەکی دەستوری و خاوەن ستراتیژ و دامەدەزگای بەهێز".

 

کاروانی ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە هەموومان چاوکراوانە لەشانۆدا بین و لێپرسراوێتی تەواو و بێ ئەملاو لا لە ئەستۆ بگرین، چونکە ئەوە لێپرسراوێتی هاوبەشی دام و دەزگاکان، پارتەکان، ڕێکخراوەکان، نوخبەکان و تاکەتاکانمانە، خۆمان بەهەندێ سەراب و لێکدانەوەی کاتی و لایەنگرانە و ناوچەگەریی و گروپیی بەرچاوتەنگ نەخڵەتێنین و  پێمان وانەبێت هەرێمی کوردستان لە هەموو بارو دۆخێکدا گرەنتی مانەوەی هەیە و  قومار بەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە نەکەین ئەوەی کردیشی دەستی بگرین و لێی قبوڵ نەکەین".

  

"کێشەکە نەوت نییە و نەوت لێکەوتەی کێشە سەرەکییەکەیە"

 عارف قوربانی پێیوایە کێشەی هەرێم و بەغدا زۆر لەو کۆنترە لە نەوتدا کورت بکرێتەوە و دەشڵێت، هەرێم لەکوێدا لاواز بێت بەغدا لەوێدا لێیدەدات.

 

قوربانی  ئاماژەی بەوەکرد: "سەردەمێک کورد و عێراق کێشەیان هەبووە، نەوت هەر دەرنەهێندراوە لە هەرێمی کوردستان، ئەم کێشانە بۆ زۆر کۆنتر دەگەڕێنەوە، ئەگەر هەموو مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغدا بکەین ئەوە کێشەکان هەر چارەسەر نابن و تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت،  بۆیە پێویستە کێشە سەرەکییەکە چارەسەر بکەین و نە هەرێم و نە بەغداش خۆیان لەوە نەدزنەوە، ئەگەرنا نە کورد و نە عەرەب لەم وڵاتەدا ناحەسێنەوە".

  

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، سەرچاوەی هەموو کێشەکان دان نەنانە بە مافی ڕەوایەتی کورد لە عێراق و ئەو بناغەیەی کە ئەم وڵاتەی لەسەر دامەزراوە، بۆیە نەوت پاساوە و پێدانی نەوتیش چارەسەرێکی کاتییە و دواتر بە پاساوێکی دیکە دۆخەکە دەگەڕێتەوە سەر ئەم دۆخە.

 

قوربانی ڕونیکردەوە: "لەئێستادا کە بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپیک عێراق هەناردەی نەوت کەم دەکاتەوە، نەوتی هەرێمی بۆچییە ئەگەر هەموو نەوتەکەشی بداتێ، بۆیە بەدڵنیاییەوە کێشەکە نەوت نییە و کەم کاتەدا کە هەرێم دۆخی خراپە عێراق دەیەوێت هەرێم هێندەیتر لاواز بکات".

 

"بۆیە پێویستە لەرێگەی دەستورەوە دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق کێشە سەرەکییەکە چارەسەر بکەن، نەوەک لێکەوتەکانی کێشەکە، کە کێشە سەرەکییەکە نین،" قوربانی وای وت.

 

هەرێمی کوردستان بۆ بە ئێرە گەیشت؟

عارف قوربانی پێیوایە حوکمڕانی کوردی لە ڕابردوودا تەندروست نەبووە و نەیتوانیوە خۆی بەهێز بکات، ئەو دەڵێت: "هەرێمی کورستان دەیتوانی کارێک بکات لە دۆخێکی وادا عێراق پێویستی بەهەرێم بێت، نەوەک هەرێم بەوشێوەیە لاواز بێت لەبەردەم عێراقدا".

 

وتیشی، ماوەی 12 ساڵە لە سوریا شەڕە، بە ملیۆنان خەڵک ئاوارەبوون و وڵاتەکە لە دۆخێکی خراپدایە، بەڵام ئێستاش هەرێمی کوردستان بەرهەمی  ناوخۆی سوریای بۆ دێت.

 

عارف قوربانی باسی لەوەکرد: حوکمڕانی کورد ئەو کارگە و کۆمپانیایانەشی کە ڕابردوودا مانەوە، وەک کارگەی جگەرە و چیمەنتۆ و توتن، نەک بنیادیان نەنایەوە و سودیان لێوەرنەگرت، بەڵکو ئەویشیان دایە هەندێک سەرمایەدار .

 

قوربانی ئاماژەی بەوەشکرد: "حوکڕانی هەرێم تەنها ئاوی بفرۆشتایە خاوەن گەورەترین سەرمایە دەبوو، لەدوای کەوتنی سەدامەوە، بایی ملیاران دۆلار تەنها ئاو لە تورکیا کڕدراوە لەلایەن هەرێم و عێراقەوە، هەرێم خاوەنی ئاوێکی سازگارە و ئەگەر هەر ئاوی بفرۆشتایە، ئێستا خاوەن سەرمایەیەکی گەورە بوو و هەموو عێراق پێویستیان پێبوو".

 

هاوکات ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت، بەڕێوەبردنی هەرێم لەڕوانگەی بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی و گروپی و نوخبەیەکی دیاریکراوو دابەشبوونی ئەم نوخبە لەزیاد لە ئاستێکدا لەناوخۆیدا وای کرد هەرێم بگاتە ئەم دۆخە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، درێژەکێشانی دابەشبوونی ناوچەکانی هێزو نفوزو نەبوونی هیچ سازان و ستراتیژێکی هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینەو پابەندکەر، دۆخی هەرێمیان گەیاندە بنبەستێکی سیاسی ڕاستەقینە.  

 

باسی لەوەشکرد، نوخبەی حوکمڕانی هەرێم توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی لەدەست داوە، بێ ئەوەی نوخبەو ستراتیژو جێگرەوەیەکی سیاسی تر لەئارادابێت و توانای گەیشتنە دەسەڵات و خستنە ڕووی چارەسەری جیاوازی هەبێت.