گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەزایەکی ئەمریکی: ڕوسیا ناتوانێت ڕوبەڕوی قەیرانی داڕوخانی نرخی نەوت بێتەوە و بژاردەکانی سنوردارن

2020.04.28 - 08:35
App store icon Play store icon Play store icon
شارەزایەکی ئەمریکی: ڕوسیا ناتوانێت ڕوبەڕوی قەیرانی داڕوخانی نرخی نەوت بێتەوە و بژاردەکانی سنوردارن

 

ناس کورد-

ماڵپەڕێکی ئەمریکی پسپۆر لە بازرگانی و مامەڵەى بازاڕەکان بڵاویکردەوە، داروخانی نرخی نەوت ڕوسیای توشی گرفتێکی گەورە کردوەتەوە و بژاردەکانی ئەو وڵاتەش بۆ تێپەڕاندنى ئەو قەیرانە سنوردارن.

.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جۆرج فریدمان، شارەزای بواری سیاسی و ستراتیژی لە ماڵپەڕی"مارکت ۆوچ"ی ئەمریکی نوسیویەتى "روسیا وڵاتێکی زەبەلاحە، بەڵام لەگەڵ  داروخانی نرخی نەوت  قەبارەی بودجەی گشتی بەرەو کەمبوونەوە و کورتهێنان دەڕوات". 

.

بە بڕوای فریدمان، "ڕوسیا سەرباری ئەوەی سەرۆکێکی بەهێزی وەک فلادیمێر پۆتینى هەیە، بەڵام ئەو بژاردانەی کە ئێستا لە بەردەست ئەو وڵاتەدان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سنوردارن".

.

ئەو شارەزا ئەمریکییە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێک لە بژاردەکانی ڕوسیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە ئێستا تێیکەوتووە پەیڕەوکردنی سیاسیەتی(ستالین)ە ئەوەش گرتنی ڕوسیایە لە بینەقاقایەوە و ئیدارەدانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی توند و زیاتر ناوەندى.

.

 فریدمان دەشڵێت، "پێدەچێت ڕوسەکان توانای ئەوەیان هەبێت مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا بکەن، بەڵام گورزی داڕوخانی نرخی نەوت بۆ ئەوان کەمەرشکین بوو ئەوەش وا دەکات پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆڕی گازی سروشتی (نۆرد ستریم) بۆ ئەڵمانیا لەم کاتەدا کە جیهان گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە وەک خەونێک وابێت".

.

 فریدمان ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمریکا لە ساڵانی شەڕی ساردا هۆکار بووە بۆ دەرکەوتنی ڕوسیا وەک وڵاتێکی زەبەلاح و بە توانا، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە.

.

دەشڵێت "ڕوسیا ساڵانێکی زۆربوو وەک وڵاتیکی زەبەلاح  خۆی دەشوبهاند، بۆیە لە ئێستادا هەردوو وڵاتی ڕوسیا و چین هەمان سیناریۆی ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە".

.

فریدمان ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕوسیا بۆ ئەوەی لە سەردەمی حوکمی قەیسەردا پێش ساڵی 1917 وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو و دەوڵەمەند خۆی نیشانبدات و هەژارییەکەی بشارێتەوە لەو سەردەمەدا گوندی "پۆتمکین"ی دروستکرد نزیک هێڵی ئاسنی کە خانووەکانی لەسەر ئەندازەیەکی پێشکەوتوو دروستکرابوون، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا تەنها ڕاست بوو ڕوکەشی خانووەکان بوو، بەڵام ڕووبەری پاش خانووەکان بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەژاری ڕوسیا دەردەخست.   

.

ئەو نووسەرە ئەمریکییە باسی لەوە کردووە گەلی ڕوسیا بەوە ناسراوە کە گەلێکی "ئارامگرن" و کەمجار ڕادەپەڕن، بەڵام ئەگەر ڕاپەڕن ئەوا وەک ڕاپەرینەکانی ساڵی 1917 یان وەک ڕاپەرینەکەیان دژ بە هیتلەر لە جەنگی دووەمی جیهانیدا یاخود هاوشێوەی ڕاپەڕینەکەیان لە ساڵی 1991 کە بوو بەهۆی هەڵوشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت.

.

 دەشڵێت "گەلی ڕوسیا گەلێکی زۆر خۆڕاگرن بەرامبەر بە سەرماو سۆڵەی کەشوهەوا سەختەکەیان و  شەوانی  درێژی زستان، بەڵام ئەو خۆڕاگرییە تا خاڵێکی دیاریکراوە، دوای ئەو خاڵە دەتەقنەوە".

.  

 ئەمە لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی ڕوسیا ڕۆژی (هەینی) ڕایگەیاندبوو پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کۆی داهاتی خۆجێی ڕوسیا بە ڕێژەی 6% دابەزێت ئەوەش بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و هەرەسهێنانی نرخی نەوتەوە.

.

 هەر بەگوێرەی پێشبینیەکانی بانکی ناوەندی ڕوسیا، نرخی نەوتی جۆری ئۆڕاڵی ڕوسی ئەمساڵ بەرزبێتەوە بۆ 27 دۆلار و لە ساڵی 2021 بەرزدەبێتەوە بۆ 35 دۆلار ولە ساڵی 2022 دەبێت بە 45 دۆلار.

.

 هاڕەکردنی نرخی نەوتی جیهانی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕوسیای ناچارکرد چەند ڕێکارێک بگرێتە بەر بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە تائێستا ڕوسیا لە 0.3%ی کۆی داهاتی ناوخۆی خەرج کردوە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو قەیرانە کە ئەوەش بەراورد بەوەی کە وڵاتێکی تازە پێگەیشتووی وەک بەرازیل خەرجیکردوە زۆر کەمە.  

.