گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم لە بەردەم مەترسی شەپۆلێکى دیکەى کۆرۆنادا

2020.04.27 - 23:02
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم لە بەردەم مەترسی شەپۆلێکى دیکەى کۆرۆنادا

ناس کورد-

 

ئامارەکانى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردەوە، دواى ئەوەى بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک هیچ حاڵەتێکى نوێ تۆمارنەکران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

دواى پێنج ڕۆژى لەسەریەک لە تۆمارنەکردنى هیچ حاڵەتێکى نوێی کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان و سوککردنى ڕێوشوێنەکان، ماوەى چەند ڕۆژێکە چەند حاڵەتێکى نوێی کۆرۆنا تۆمارکراونەتەوە.

.

ئەمڕۆ دووشەممە بەرزترین ئامارى توشبوون لەماوەى چەند رۆژێکدا تۆمارکرا، بە تۆمارکردنى هەشت توشبوو، کە پێنجیان لە هەولێرن و سیانى دیکەیان لە سلێمانین.

.

محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، مەترسییەکان بەردەوامن و کۆرۆنا هێشتا لە بڵاوبونەوەدایە، پێویستە خەڵک پابەند بێت بە رێنماییەکانەوە.

.

وتیشى "جارێ هێشتا هەرێم لە بازنەى قۆناغى یەکەمى کۆرۆنادایە، چونکە بەپێی ستاندارد دەبێت ماوەى 28 ڕۆژ هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکرێت ئەوکات دەتوانن بڵێن قۆناغى یەکەمیان تێپەڕاندووە، بەڵام لە هەرێم پێنج ڕۆژ لەسەریەک هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکرا".

.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، لە 23ى ئەم مانگەوە جارێکى تر تۆمارکردنى حاڵەتەکانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا 18 توشبووى نوێ تۆمارکراون کە زۆرترینیان ئەمرۆ بووە بە تۆمارکردنى هەشت توشبوو.

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى باسى لەوەکرد، ئەو توشبووانەى ئێستا کە تۆماردەکرێن، بەشێکیان بەرکەوتەى توشبووانى دیکەن، یاخود لە کەرەنتین بوون و لەو ماوەیەدا کە لەوێ بوون پشکنینەکانیان نێگەتیف بووە، دواى تەواوبوونى ماوەکانیان دەرکەوتووە کە هەڵگرى ڤایرۆسەکەن.

.

زیادبوونى حاڵەتە نوێیەکان تەندروستى هانداوە پلانى زیادکردنى پشکنینەکان دابنێت بەتایبەتى لەو ناوچانەى کە توشبووەکانیان تێدا تۆمارکراوە.

.

محەمەد قادر وتى، "لەگەڵ زیادبوونى حاڵەتەکان پشکنینەکان زیاتر دەکرێن، بەتایبەتى لەو ناوچانەى گومانیان لەسەرە کە بەرکەوتەى توشبووەکان بن".

.

تۆمارکردنى توشبووى نوێى کۆرۆنا لە هەرێم هاوکاتە لەگەڵ سوککردنى رێوشوێنەکانى قەدەغەى هاتوچۆ لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و کردنەوەى بازاڕەکان و تێکەڵبوونەوەى خەڵک لەگەڵ یەکتر، کە بەردەوام لایەنە تەندروستییەکان هۆشدارى دەدەن لەبارەیەوە.

.

سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى 23ى ئەم مانگە و پێش دەستکردنەوە بە تۆمارکردنى توشبووە نوێیەکان هۆشدارى دابوو لەوەى ڕێکار نوێیەکان بۆ کارئاسانی هاوڵاتیانە نەک بە مانای نەمانی نەخۆشیەکە، "ترسناکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەواو نەبووە، دەبێت پێشبینی بڵاوبوونەوەی بکەین لە هەر کاتێکدا، پێویستە بەردەوام بین لە خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستی".

.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، کۆى گشتى توشبووانى کۆرۆنا لەهەرێم گەیشتووەتە 355 توشبوو، کە 322 کەسیان چاکبوونەتەوە و چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

.

تا ئێستا دیار نییە تۆمارکردنى حاڵەتە نوێیەکان هەرێم ناچاردەکات رێوشوێنەکان توند بکاتەوە یاخود نا، بەڵام وەزارەتى ناوخۆ دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریدایە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە بە ئاڕاستەى ساکردنەوە خەڵک لە رێوشوێنەکان لێدوان نەدەن.

.

بڕیاریشە ڕۆژى یەکى ئەم مانگە لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى دۆخەکە و پرسی درێژکردنەوە یاخود کۆتایی هێنانى تەواوەتى بە قەدەغەى هاتوچۆ.

.

 

هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو "ئەم شلکردنەوەیەى ئێستا بە دڵى ئێمە نییە و پەلەى تێدا کراوە، چونکە خەڵک وەکو سەردەمى پێش کۆرۆنا تێکەڵ بووەتەوە، ئەم دۆخەى ئێستا مەترسی دروستدەکات بەتایبەت کە هێشتا مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا کۆتاییان نەهاتووە".


.