گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم لەبارەى موچەی فەرمانبەران داوایەکی ئاڕاستەی عەبدولمەهدی کردووە

2020.04.27 - 22:15
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم لەبارەى موچەی فەرمانبەران داوایەکی ئاڕاستەی عەبدولمەهدی کردووە

ناس کورد-

 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ڕەوانەنەکردنی شایستە داراییەکانی موچەخوارانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم داوایەکی ئاڕاستەی عادل عەبدولمەهدی کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

هەفته‌ی ڕابردو شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری دارایی و ئابوری هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدایان كرد، دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان دوێنێ له‌گەڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونەوە.

.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومه‌تى هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، بەمەرجێک حکومەتی عێراق سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم ڕەوانە بکات".

.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ى نیسانی 2020، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و شاندی دانوستانكاری ھە‌رێم و جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق و سە‌رۆک فراكسیۆنە‌ كوردستانییە‌كانی ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق کوبووەوە بە مەبەستی  تاوتوێکردنی دۆخی دارایی عێراق و پە‌یوە‌ندییە‌كانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غدا و كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كانیان.

.

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی  عێراق کە هاوکات ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بووە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ‌‌چارەسەری کێشە دارایییەکان و نەوتییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیی و یاسای دابەشکردنی داهاتەکان و ڕەچاوکردنی ماف دەستووریەکانی هەردوولا".

.

وتیشى، "پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گونجاو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئەم دۆخەدا لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھاوڵاتیانی كوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بووە".

.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی هەرێمى لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە، کە یەکەمیان   پشتیوانیکردنی کورد لە مستەفا کازمی و لە عادل عەبدولمەهدی، دووەمیش ئەوەیە كە فشارێكی زۆر لەسەر عەبدولمەهدی هەیە لە ئێستادا، لەبەر ئەوەی داهاتی عێراق زۆر کەمبووەتەوە کە دەبێت حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی موچەی  فەرمانبەرانی قەرزبكات.

.

سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی هەرێم لە ئێستادا هیچ میکانزمێکی هەیە بۆئەوەی دووبارە عێراق بەو ڕازیبکات کە شایستە داراییەکانی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، میرزا وتی، "حکومەتی هەرێم داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی عەبدولمەهدی کردووە و تێیدا داوایان کردووە موچەی ئەم مانگە ڕەوانە بکات، تا ئەو کاتەی کازمی دەتوانێت حکومەتەکەی پێکبهێنیت بۆ ئەوەی دانووستانەکان بە شێوەیەکی فراوانتر لە نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستاندا دەستپێبکاتەوە".

.

وتیشی، "تائێستا حکومەتی هەرێم چاوەرێ وەڵامدانەوەی عادل عەبدولمەهدیە، ئەوەیش تائێستا نە بەئەرێنی نە بە نەرێنی وەڵامی نەداوەتەوە".