ناس کورد-
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، تەنها کورتهێنانى دارایی لە موچە 34 ترلیۆن دینارە ئەگەر نەوت لەم نرخەدا بمێنێتەوە، چارەسەرى پێشنیازکراویش ئەوەیە لەرێگەى زیادکردنى ڕسومات و گومرگ و باجەوە دابینبکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
.
هەیسەم جبورى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى، "ماوەى سێ ڕۆژە نەوتى عێراق کڕیارى نییە، سەرەڕاى ئەوەى عێراق داواى لە کۆمپانیا هندییەکان کردووە نەوتى لێبکڕن".
.
وتیشى، "نەوتى عێراق لە ئێستادا لەنێوان 15 بۆ 18 دۆلار دەفرۆشرێت و داهاتى مانگەى عێراق لە ئیستادا 1.5 ترلیۆن دینارە، لەکاتێکدا پێویستە مانگانە 7.2 ترلیۆن دینار خەرجبکرێت بۆ دابینکردنى خەرجییەکانى وەک موچە و کڕینى کارەبا و پێداویستییەکانى دیکە".
.
وتیشى، "چارەسەرى پێشنیازکراو بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەران خۆى دەبینێتەوە لە زیادکردنى رسومات و گومرگ و باج، پێدانى دەسەڵات بە وەزیرى دارایی بۆ قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى".
.
بەوتەى جبورى قەبارەى گەندەڵى لە گومرگەکان ساڵانە دەگاتە هەشت ملیار دۆلار.
.
جەختیشیکردووەتەوە، بودجەى ئەمساڵى عێراق قورسە پەسەندبکرێت، بەڵکو باشتر وایە کار بە بودجەى مانگانە بکرێت کە پەرلەمان پەسەندى بکات.
.
جبورى ئەوەشى خستووەتەڕوو، پێشنیازێک هەیە بۆ فرۆشتنى ملیۆنێک بەرمیل نەوت بە هاوڵاتییان پاشان بفرۆشرێتەوە بە حکومەت کاتێک نرخ رووى لە باشبوون کرد.
.
پێشیوایە، بڕیارەکانى حکومەت بووەتە هۆى بەرزکردنەوەى پارەى پێویست بۆ موچە لە 40 ترلیۆن دینارەوە بۆ 52 ترلیۆن. قەرزەکانیش دەگاتە 67 ملیار دۆلار کە 27 ملیارى دەرەکى و 40 ملیارى ناوخۆییە.