گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژنامەى حزبوڵا پێشبینى هەڵوەشاندنەوەى حەشدی شەعبی دەکات

2020.04.27 - 17:33
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژنامەى حزبوڵا پێشبینى  هەڵوەشاندنەوەى  حەشدی شەعبی دەکات

ناس کورد-

 

ڕۆژنامەى ئەخبارى سەر بە حزبوڵاى لوبنانى کشانەوەى چوار لیواى حەشدى شەعبى سەر بە مەرجەعیەتى باڵاى، بەسەرەتاى پلانێک دادەنێت بۆ لێکهەڵوەشاندنى حەشدى شەعبى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

ماوەى چەند هەفتەیەکە کێشەکانى ناو حەشدى شەعبى تەقیونەتەوە، دواى ئەوەى چوار لیواى سەر بە عەلى سیستانى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکان کشانەوەى خۆیان ڕاگەیاند، بەهۆى دانانى ئەبو فەدەك لە شوێنی ئەبو مەهدی موهەندیس كە هاوڕێیەكی نزیكی قاسمی سولەیمانییە.

.

ئەو چوار گروپە کە پێکهاتوون لە گروپی ئیمام عەباس و ئیمام عەلی و لیواكانی ئەڵاو ئەكبەر و پشتیوانانی مەرجەعیەت جەختیانکردوەتەوە کە هەوڵی چاككردنەوەی هەندێك ئاڕاستە دەدەن و دژی هیچ كەس و لایەنێك نین و ئەو جیابونەوەیان بەڕەزامەندی مەرجەعیەتی نەجەف بووە.

.

بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى ئەخبارى لوبنانى، جیابوونەوەى ئەو چوار گروپە کە سەر بە عەتەبەن، بەیەکەم پڕۆژەى هەڵوەشاندنەوە و دواتر سڕینەوەى حەشدى شەعبى دادەنرێت.

.

ئاماژە بەوەشکراوە، پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى ئەبو مەهدى موهەندیس بەجێیهێشتووە قورسە لە سەرکردایەتى و بەرێوەبردنى گروپە عێراقییەکان. گریمانەى گۆڕینى حەشدى بۆ کۆمەڵێک گروپ تەنها بیرۆکەیەک نییە بەڵکو بووەتە دیارترین ئاڵنگارى کە روبەڕووى ئەو ڕێکخستنە عەقائیدییە بووەتەوە.

.

بەپێی راپۆرتەکە، لەچەند هەفتەى کەمى ڕابردوودا ئەو کێشە شاراوەیە دەرکەوتووە و باس لەحەشدى مەرجەعیەت و حەشدى ویلایە دەکرێت، هەندێکى دیکەش باس لە حەشدى عێراقى و ئێرانى دەکەن.

.

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، ئیسماعیل قائانى، جێگرەوەى قاسم سولەیمانى لەسەردانەکەى ئەمدواییەدا بۆ بەغدا و لە کۆبوونەوى لەگەڵ ژمارەیەک لەسەرکردەکانى حەشد جەختیکردووەتەوە کە حەشد عێراقییە و تاران نایەوێت دەستوەردان بکات.

.

لە روکارى ئەم جموجۆڵە بەپێی ڕۆژنامەکە، مەیسەم زەیدى، فەرماندەى فیرقەى شەڕکەرى عەباس لەپشتیەوەیەتى کە نزیکە لە سیستانییەوە و تۆمەتبارە بەوەى دەیەوێت کارەکەى تەواو بکات کە ڕەتکردنەوەى حەشدى نزیک لە ئێرانە.

.

زەیدى و چوار لیواى سەر بە مەرجەعیەت بەبریارى سەرکردەکانى حەشد ناڕازین بۆ دانانى ئەبو فەدەک لە شوێنى موهەندیس، هەندێک دەڵێن زەیدى ساڵى 2018 لەلایەن حەیدەر عەبادى سەرۆکوەزیرانى پێشوەوە بەڵێنى ئەو پۆستەى پێدراوە لە ئەگەرى لەکارخستنى موهەندیسدا.

.

بەپێی رۆژنامەى ئەخبار، زەیدى و پشتیوانەکانى بەمەرج ڕازى بوون لەسەر دیاریکردنى ئەبو فەدەک، مەرجەکەشیان بەدەستهێنانى گرنگترین هەشت پۆستەکەى حەشدە، کە دیارترینیان پڕۆسەکان و بەڕێوەبردن و دارایی و ئاڕاستەى عەقائیدى و پشتیوانى لۆجیستییە، لەگەڵ مانەوەى پۆستەکانى دیکەى تایبەت بە عەتەبات وەکو فەرماندەیی ئەنبار و فوراتى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى دیجلە.

.

ئەو پێشنیازە لە کۆبوونەوەیەکى نێوان فەرماندەکانى حەشد و نوێنەرەکانى مەرجەعیەت تاوتوێکراوە، بەبێ ئەوەى بگەن بەهیچ ڕێککەوتنێک.

.

ڕۆژنامەکە باسى لەوەشکردووە، قسەکردن لەسەر دیاریکردنى ئەبو فەدەک بەفەرمى دواخراوە، بەڵام ئەو دوور لە چاوەکان دەستى بەکارکردن کردووە، زەیدیش پەناى بۆ وەزیرى بەرگرى بردووە، بەڵام ئەو پێیوتووە کە ئەوە پێچەوانەى یاسایە و حەشد دەبێت لەناو خۆیاندا کێشەکان چارەسەر بکەن.

.

بژاردەى دووەمى زەیدى بەپێی رۆژنامەکە، عادل عەبدولمەهدییە، زەیدى دەیەوێت پەیوەندى بە دەستەى حەشدى شەعبییەوە بپچڕێنێت و ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکوەزیران بێت، عەبدولمەدیش ئەوەى بەستووەتەوە بە رەزامەندى مەرجەعیەتەوە بۆ ئەوەى دوو چۆلەکە بەبەردێک بکوژێت، یەکەمیان دڵنیایە لەخواستى نەجەف لەو بارەیەوە، دووەمیشیان رازى بوونى نەجەفە بەوەى وەکو سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە لەناو ئەو کێشانەى لەسەر حکومەتى نوێ لە ئارادان.

.

هەندێک پێیانوایە، بۆردومانکردنەکەى ئەمریکا بۆ بە ئامانجگرتنى فڕۆکەخانەى کەربەلا و زەیدى و پشتیوانەکانى هانى زەیدى داوە خۆیان بێبەرى بکەن لە پێکهاتەى ئیستاى حەشد و بگەرێن بەدواى شێوازێکى نوێ کە دوریان بخاتەوە لەبەئامانج گرتنیان.

.

ئەوەى دیمەنەکەى ئاڵۆزکردووە جموجۆڵى زەیدییە بە ئاڕاستەى لیواکانى دیکە و داواکردنیان بۆ ئەوەى پەیوەندیان لەگەڵ حەشد بپچڕێنن، هەروەها گروپى سەرایا سەلامى سەر بە موقتەدا سەدر داواى دانوستانیان کردووە لەگەڵ زەیدى.

.

بەپێی ڕۆژنامەکە، ژمارەى حەشد کە دەگاتە 164  هەزار چەکدار و کەمدەبێتەوە بۆ 70 هەزار، ئەگەر باڵەکەى زەیدى سەرکەوتوو بێت لە ڕازیکردنى سەرکردەکانى لیواکان و سەرایا سەلام.

.

عەبدولمەهدى هەستى بەو جمموجۆڵە کردووە، بۆیە هەینى ڕابردوو لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە کە ڕاوێژى پێنەکراوە ڕەزامەند نەبووە لەسەر بەیاننامەى چوار لیواکە و بە پێویستى زانیوە و پارێزگارى لە یەکگرتویی حەشد بکرێت.