ناس کورد-
سەرچاوەیەک بۆ ناس کوردى ئاشکرا کرد، ئەمڕۆ (دووشەممە) دەرگای مزگەوتەکان لەشاری سلێمانی دەکرێنەوە و ڕێگە دەدرێت نوێژە فەرزەکان بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکاندا ئەنجامبدرێن.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەک لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"ئەمڕۆ (دووشەممە، 27ی نیسانی 2020)، دەرگای مزگەوتەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەکرێنەوە".
.
وتیشی، بەگوێرەی ڕێنماییەکان ڕێگا دەدرێت تەنها نوێژە فەرزەکان ئەنجامبدرێت و رێگا بە نوێژی تەراویح نادرێت.
.
هاوکات دەربارەی نوێژی هەینی، سەرچاوەکەی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تائێستا لەو بارەیەوە گفتوگو بەردەوامە و هیچ بڕیارێک نەدراوە.
.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، تاوەکو مەترسییەکانی کۆرۆنا هەبێت مزگەوتەکان ناکرێنەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بەدەر لە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و بەبڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەرگای مزگەوتەکان دەکەنەوە.
.
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک مامۆستای ئاینی لەبەردەم بینای قائیمقامییەتی سلێمانی گردبوونەوە و داوای کردنەوەی مزگەوتەکانیان کرد، جگە لەوەش لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان داوای کردنەوەی مزگەوتەکان دەکەن و پێیانوایە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕ و دوکانەکاندا دەبێت مزگەوتەکانیش بکرێنەوە.
.