گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە ئيڤانكا ترامپى كۆرياى باكور وەسف دەكرێت، بەڵام ديكتاتۆر و سەركوتكارە.. كيم يۆ جۆنگ كێيە؟

2020.04.27 - 13:39
App store icon Play store icon Play store icon
بە  ئيڤانكا ترامپى كۆرياى باكور  وەسف دەكرێت، بەڵام ديكتاتۆر و سەركوتكارە..  كيم يۆ جۆنگ  كێيە؟

 

ناس کورد-

وا دەردەكەوێت نەوەى دەسەڵاتدارى كۆرياى باكور كە پياوان كۆنترۆڵيان كردوە، كليلەكەى بدرێتە دەست ژنێك، ئەم ژنە كە خوشكى كيم جۆنگ ئون سەركردەى ئەو وڵاتەيە كە بەدەستێكى پۆڵايين بەڕێوەى دەبات هيچى كەمتر نييە لە براكەى و كەسێكى توندە و تەنانەت لە ليستى ڕەشى ئەمريكاشدايە بەهۆى پێشێلكارى مافەكانى مرۆڤەوە.

.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

گومانەكان لەسەر تەندروستى "كيم جۆنگ ئون" بەردەوامن و وەك باس دەكرێت بارودۆخى تەندروستى زۆر خراپە و بێهۆشە، ئەوەش دەنگۆكانى شوێنگرەوەيەكيان گەرمتر كردوە و چاوەكانيش زياتر لەسەر "كيم يۆ جۆنگ"ى خوشكيەتى كە نزيكترين كەسە لە "كيم جۆنگ ئون" و وەك شوێنگەرەوەى ناوى دەهێنرێت.

.

سەرەڕاى ئەوەى ئەم ژنە وەك پياوەكانى بنەماڵەكەى كە چەندين دەيەيە حوكمى ئەو وڵاتە دەكەن خاوەنى شێوازى قژى سەير و سەمەرە نييە بەڵام لەڕوى دڵڕەقى و توندوتيژيەوە هيچى كەمتر نييە لەوان، بەتايبەتى لە ئارەزوەكانى بۆ هێرشكردنە سەر نەيارەكانى بەشێوەيەكى دڕندانە، بەڵام تائێستاش تارماييەكى زۆر لەسەر ژيانى ئەم ژنە هەيە و زۆر شت لەسەرى نازانرێت.

.

تائێستا تەمەنى ڕاستەقينەى "كيم يۆ جۆنگ" شاراوەيە ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى زانياريەكان باس لەوە دەكەن كە لە سيەكانى تەمەنيدايە و چەند ساڵێك لە "كين جۆنگ ئون"ى براى منداڵترە، كە بەپێى زانياريەكان براكەى تەمەنى 36 ساڵە.

.

"كيم يۆ جۆنگ" بە "نوێنەرى شاهانە" و ياريدەدەرى تايبەتى برا گەورەكەى دادەنرێت و يەكێك لە نزيكترين ڕاوێژكارەكانى، بەڵام بەشێوەيەكى گشتى دور لە چاوى ڕاگەياندنەكان كار دەكات، بەشێوەيەكى نهێنى و لە پشتى پەردەوە چالاكە و بە دەستێكى پۆڵايين كارەكانى بەڕێوە دەبات.

.

هەروەها چەندين بەرپرسى ترى كۆرياى باكور "كيم يۆ جۆنگ" لەساڵى 2017 ەوە لە ليستى ڕەشى وەزارەتى خەزێنەى ئەمريكايە، ئەوەش بەهۆى پێشێلكاريەكانى مافى مرۆڤ.

.

وەزارەتى خەزێنەى ئەمريكا لەو بارەيەوە بڵاويكردوەتەوە، "كيم يۆ جۆنگ" زۆر بەتوندى پڕوپاگەندە بۆ وڵاتەكەى دەكات و لەناو ئەو بەرپرسانەدا بوە كە سياسەتى چاودێرى توندوتيژيان پەيڕەو كردوە و هەڵوێستە نا مرۆيى و سەركوتكارەكانيان شاردوەتەوە.

.

شيكەرەوەيەكى ئاژانسى "ئەسۆشيەيتد پڕێس" دەڵێت، ناوبراو لەناو ئەو كەسانەى چينى سەرەوەى دەسەڵاتى كۆرياى باكورە كە دەرفەتێكى زۆريان هەيە ببنە ميراتگرى دەسەڵات لەو وڵاتە و ئەگەرى بۆ بونە سەركردەى وڵاتەكەى زياتر لە 90%.

.

"كيم يۆ جۆنگ" چەند جارێك بەشێوەيەكى ڕۆتينى لەگەڵ "كيم جۆنگ ئون"ى برايدا لە بۆنە گشتيەكان دەركەوتوە، هەروەها ڕۆڵى سەرەكى هەيە لە پەيوەنديەكانى وڵاتەكەى لەگەڵ هەريەكە لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و كۆرياى باشور، دەزگاكانى ڕاگەياندن بە "ئيڤانكا ترامپى كۆرياى باكور وەسفى دەكەن".

.

ديارترين سەردەمى ئەم ژنە كە چاوى كامێراكانى چوبێتە سەر ئەو كاتە بوو كە وەك نێردەى براكەى لە ياريەكانى ئۆڵۆمپيادى زستانە لە ساڵى 2018 لە كۆرياى باشور بەشدارى كرد، ئەويش كاتێك لەتەنيشت "مۆن جاى ئين" سەرۆكى ئەو وڵاتە دانيشتبوو، ئەوەش بوە هۆى لێك نزيكبونەوەى زياترى دبلۆماسى لە نيوە دورگەى كۆريادا كە بەسەر هەردوو وڵاتدا دابەش بوە.

.

لە كۆتايى ساڵى نەوەدەكاندا پەيوەندى كردوە بە "كيم جۆنگ ئون"ى برايەوە لە خوێندنگەى سەرەتايى لە شارى بێرنى سويسرا، ئەم برا و خوشكە لە خانويەكى تايبەتدا بون و چەندين فەرمانبەر و پاسەوانيان هەبوە.

.

لەو كاتەوەى لە سويسرا بوە تا ساڵى 2007  زانيارى زۆر لەسەر ژيانى "كيم يۆ جۆنگ" نييە، هەر لەو ساڵەشدا بوو لە حزبى دەسەڵادارى وڵاتەكەى و فەرمانڕەوايى كردنى كۆرياى باكور پلە و پۆستى پێدرا.

.

"كيم يۆ جۆنگ" خۆشەويسترين منداڵى "كيم يۆنگ ئيل" بوە كە لە ساڵى 1994 ەوە دەسەڵاتى گرتە دەست تا كۆچى دوايى كرد لە ساڵى 2011، "مايكڵ مادن" ڕاوێژكارى حكوميى پێگەى "nkleadershipwatch" كە پێگەيەكە چاودێرى سەركردايەتى كۆرياى باكور دەكات بە ڕۆژنامەى "نيويۆركەر"ى وتوە، "كيم يۆ جۆنگ لە جاران زۆر جديتر بوە".

.

باسى لەوەشكردوە، كاتێك گرتەكانى دەركەوتنى دەبينێت بەتايبەتى لەبۆنە و پێشوازيەكاندا دەبينێت كە كچێكى گەنجى ڕووخۆش و لەسەرخۆيە  و دەم بە پێكەنينە، بەڵام جياواز لەوە لە كاتەكانى تردا زەردەخەنەكەى نامێنێت و زۆر لە "كيم يۆنگ ئيل"ى باوكى دەچێت.

.

ئەم كەسايەتيە لە 12\4\2020 دوبارە كرايەوە بە ئەندامى يەدەگى نوسينگەى سياسى بۆ ليژنەى ناوەندى كە دەستەى سەرۆكايەتيە بۆ دەركردنى بڕيار، ئەوەش هەنگاوێكە بۆ بەرزبونەوەى بە پلەكانى دەسەڵاتدا.

.

شيكەرەوان پێيان وايە، پێشتر بەهۆى شكستهێنانى كۆبونەوەكانى "كيم جۆنگ ئون" لەگەڵ "دۆناڵد ترامپ" سەرۆكى ئەمريكا لە پۆستەكەى لابرابوو وە كرابوو بە جێگرى يەكەمى بەڕێوەبەرى ليژنەى ناوەندى حزبى كرێكارانى دەسەڵاتدار.

.

ئەگەر پێشبينى و زانياريەكان ڕاست بن، ئەوا "كيم يۆ جۆنگ" لەدواى براكەى دەبێتە يەكەم ژن كە فەرمانڕەوایى كۆرياى باكور بكات لەو كاتەوەى لەساڵى 1948 لە لايەن "كيم ئيل سۆنگ"ى باپيرەيەوە دامەزرێنرا.

.