ناس کورد-
دوای چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەت لە شاری ووهان، لیژنەی تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، لەئێستادا هیچ توشبوویەکی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەکانی ووهاندا نییە و ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە لە شارەکە سفرە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئێستا بەشێکی زۆر لە شارە گەورەکانی جیهان بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنن و ژیان تێیاندا وەستاوە، بەڵام ئەو شارەی کە بۆ یەکەمین جار ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەوە و ڕۆژانێک بە شاری مردووان ناودەبرا، خاڵییە لە توشبووانی ڤایرۆسەکە.
.
مەی فینگ ئان، وتەبێژی لیژنەی تەندروستیی چین ڕایگەیاند: "ئێستا هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ووهان نەماوە و ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە سفرە، بەدڵنیاییەوە ئەوەش پێویستی بە سوپاسێکی زۆری پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی هەموو وڵاتەکە هەیە".
.
لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بۆ یەکەمجار لە شاری ووهانی چین، لە 25ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، حکومەتی چین قەدەغەی هاتووچۆی لە ووهان سەپاند، گەشتە فڕۆکەوانییەکانی ڕاگرت و میترۆکانیشى داخست، ڤیدیۆی چۆڵی شارەکە جیهانی توشی ترس و سەرسامی کردبوو، بەشێوەیەک بەشاری مردووان ناودەبرا، ئەوەش زیاتر لە دوو مانگی خایاند.
.
بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە چین نزیکەی 83 هەزار کەس توشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 46 هەزاریان لە شاری ووهان بووە کە دەکاتە %56ی کۆی توشبووان، هەروەها لە کۆی گیانلەدەستدانی چوار هەزار و 637 توشبووی ڤایرۆسەکە سێ هەزار و 869 کەسیان لە ووهان بوون کە دەکاتە %84ی کۆی گیانلەدەستدان.
.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لە وڵاتان و میدیا جیهانییەکان گومانیان لە ژمارەکانی چین هەیە و پێیانوایە ژمارەی توشبووان و مردووانیش زۆر لەوە زیاترە کە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام حکومەتی چین دەیشارێتەوە.
.