ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی بە موچەخۆران دەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە، دەنگۆی بڕین و كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق تەنها پڕوپاگەندەیە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، ئەو هەواڵانەى لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق و بڕینی بەشێكی موچە بڵاودەكرێنەوە، جگە لە پڕوپاگەندە هیچی دیکە نیە و پێشتریش بارودۆخی لەو شێوەیە ڕوویداوە.
.
ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا حكومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێكی فەرمی بۆ كەمكردنەوە و بڕینی بەشێك لەموچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ڕانەگەیاندووە.
.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكرد، گەر حكومەت نیەتێكی لەو شێوەیەی هەبێت بۆ دانانی لیستێكی نوێی موچە، ئەوا دەبێت بەپڕۆژە یاسایەكی تایبەت بۆ موچەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكە و دادگاكان و مامۆستایانی زانكۆ و سەرجەم فەرمانبەران ئامادە بكات.
.
وتەكانی ئەو پەڕلەمانتارە لەكاتێكدایە، دوای دابەزینی نرخی نەوت و چەند قەیرانێكی تر كە كۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناویەتی، دەنگۆی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی حكومەت بڵاوكرایەوە، بەڵام تائێستا هیچ کارێکی فەرمی لەو شێوەیە ڕووینەداوە و دوێنێش حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی موچە کرد.
.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا کێشەی پرسی نەوت و دارایی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووەتەوە و بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرتووە و بەشێک لە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم نزیکەی 50 ڕۆژە موچەیان پێندراوە.
.