ناس کورد-
ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ناوەڕاستى مانگى ڕەمەزانى دیاریکرد وەک وادەیەک بۆ هەڵسەنگاندنى کاریگەرییەکانى هەڵگرتنى بەشێکى ڕێوشوێنەکانى قەدەغەى هاتووچۆ لەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەرى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لە بەغدا ڕایگەیاند "رێوشوێنەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق سەلامەتە و هاوشانى رێوشوێنەکانى رێکخراوى تەندروستى جیهانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى مەترسی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە عێراق و جیهان".
.
وتیشى "رێژەى دابەزینى توشبووانى کۆرۆنا لەئاستى خوازراودا نییە، بەتایبەتى کە پێشێلکارییەکى روونى قەدەغەى هاتووچۆ هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، لەگەڵ پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى".
.
لەبارەى سوککردنى رێوشوینەکانى قەدەغەى هاتووچۆوە، ئەدهەم ئیسماعیل باسى لەوەکرد، کۆتایهێنان بە داخستن و قەدەغەى هاتووچۆ بە قۆناغ بەندى دەبێت، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە رێژەى توشبووان کەمبێتەوە.
.
رونیشیکردەوە"رێوشوێنەکانى لیژنەى باڵا بۆ هەڵگرتنى بەشێکى قەدەغەى هاتووچۆ بۆ باشکردنى گوزەرانى هاووڵاتییان بووە، لەترسی دروستبوونى پشێوى ئەمنى و خراپبوونى دۆخى دارایی هاووڵاتییان".
.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەنجامى هەڵگرتنى بەشێکى قەدەغەى هاتوچۆ و رێژەى ژمارەى توشبووان دواى ناوەڕاستى مانگى ڕەمەزان دەردەکەوێت.
.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق، تا ئێستا لە عێراق (1820) توشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون کە (87) کەسیان گیانیان لەدەستداوە و (1263) کەسیشیان چاکبوونەتەوە.
.