گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێگەپێدانى ئەمريكا كۆتايى دێت.. ئايا عێراق ئامادەيە دەستبەردارى كارەبا و غازى ئێران بێت؟

2020.04.26 - 21:27
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێگەپێدانى ئەمريكا كۆتايى دێت.. ئايا عێراق ئامادەيە دەستبەردارى كارەبا و غازى ئێران بێت؟

 

ناس کورد- 

پێش كەمتر لە دوو ڕۆژ لە كۆتايى هاتنى كۆتا ماوەى لێخۆشبونى ئەمريكا بۆ عێراق بۆ هاوردەكردنى غاز و كارەبا لەو وڵاتەوە "لوئەى خەتيب" وەزيرى كارەباى عێراق ئاماژەى بەوەدا، وڵاتەكەى پێويستى بە سێ بۆ چوار ساڵ هەيە بۆ ئەوەى چيتر پێويستى بە كەرتى وزەى ئێران نەبێت.

.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خەتيب لە لێدوانێكدا بە پێگەى "S&P Global Platts" ى سەربە كۆمپانياى "ستاندەر ئاند پورز"ى ئەمريكى تايبەت بە خزمەتگوزاريە داراييەكانى وتوە، پرۆژەكانى نەوت و غاز لە عێراقدا چەندين ساڵى دەوێت بۆ ئەوەى بگاتە ئاستێك كە بەرهەم بەشى پێداويستى ناوخۆ بكات و چيتر پشت بە غازى ئێرانى نەبەستين.

.

باسى لەوەشكردوە، پێويستە ئەو سێ بۆ چوار ساڵە خشتەيەكى كاتى دابنرێت بەبێ پچڕان و بەشێوەيەك دەسەڵاتێكى جێبەجێكردنى تەواو هەبێت بەبێ دەستوەردانى حزب و لايەنە سايسيەكان، ئەويش لە ژينگەيەكدا كە پێشوازى لە هەموو وەبەرهێنەران و كۆمپانياكان بكرێت بە هەموو وڵاتە جياوازەكانەوە.

.

ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا چەندين جار ڕێپێدانى بۆ عێراق درێژكردەوە تا بتوانێت كارەبا و غاز لە عێراقەوە هاوردە بكات ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى واشنتۆن سزاى توندى بەسەر تاراندا سەپاندوە، كۆتا جاريش بۆ ماوەى 30 ڕۆژ وادەكەى بۆ بەغدا درێژ كردەوە.

.

پێشبينى ئەوە دەكرا عێراق بڕى 10 دۆلار لە وەبەرهێنان لە كەرتى نەوت و غاز خەرج بكات ئەوەش بۆ ئەوەى چيتر پشت بە ئێران نەبەستێت ئەويش لەماوەى 4 ساڵدا، بەڵام ئەو كەرتە هيچ پێشكەوتنێكى بەخۆيەوە نەبينيوە.

.

سەرەڕاى هەموو ئەمانەش سەرژمێريە فەرميەكانى ئێران ئاشكراي دەكەن، كە هەناردەى غاز و كارەباى ئەو وڵاتە بۆ عێراق زيادى كردوە لەبرى ئەوەى كەم بكات، بەرپرسانى عێراقيش چەندين جۆر لێدوانى جياواز و دژ بەيەك دەدەن دەربارەى سەرچاوەى وزەى عێراق.

.

ئەحمەد عەبادى، وتەبێژى وەزارەتى كارەباى عێراقى رۆژى 20\4\2020  لە لێدوانێكدا باسى لەوەكرد، عێراق هەناردەى كارەبا و غازى لە ئێرانەوە بە ڕێژەى 75% كەمكردوەتەوە ئەوەش دواى ئەوەى نزيكبوەتەوە لەو ئاستەى كە بەرهەمى ناوخۆ بەشى پێداويستى ناوخۆيى بكات.

.

عێراق هەميشە كڕيارێكى باش بوە بۆ كەرتى وزەى ئێران و 80%ى هەناردەى كارەباى ئێرانى بۆ عێڕاقە، بەپێى داتاكانى وەزارەتى وزەى ئێران هەناردەى كارەباى ئەو وڵاتە بۆ عێراق لەساڵى 2019 زياتر لە 28% زيادى كردوە بەشێوەيەك لە يەك كاتژمێردا 8 تێراوات كارەبا دەگاتە عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەميشە ژمارە و داتاكانى ئێران لە ژمارە و داتا نێودەوڵەتيەكان زۆر جياوازترن.

.

سەرژمێريەكانى كۆمپانياى غازى نيشتمانى ئێران باس لەوەدەكەن، هەروەها هەناردەى غازى ئەو وڵاتە لە 21\3\2019 بۆ 20\3\2020 لەڕێژەى 26% زيادى كردوەو گەيشتوەتە 17 مليار و 500 مليۆن مەتر چوارگۆشە.

.

كڕيارى غازى ئێڕانى بە تەنها عێراق و توركيان و ئامار و داتاكانى توركيا بەهيچ شێوەيەك باس لە زيادبونى هاوردەى غاز ناكەن، بۆيە ئەو زيادبونە لە هەناردەى ئێران بۆ عێراق بوە.

.

ئەوەش لەكاتێكدا پێشتريش بەغدا و تارانيش ئەوەيان ئاشكرا كردبوو كە هەناردەى غازى ئێرانى بۆ عێراق لە زستانى ڕابردودا 7  جار كەمبونەوەى بەخۆيەوە بينيوە تا گەيشتوەتە نزيكەى 3 بۆ 4 مليۆن مەتر چوارگۆشە لە ڕۆژێكدا.

.

هاوينى ڕابردوو هيچ بەڵگەيەك نەبوو لەسەر ئەوەى كە هەناردەى غازى ئێران بۆ عێراق زيادى كردوە،  بۆيە ئاشكرا نييە كە چۆن هەناردەى غاز 26% زيادى كردوە، كۆمارى ئيسلامى ئێران گرێبەستێكى لەگەڵ عێراقدا هەيە كە بەپێى گرێبەستەكە ڕۆژانە 50 مليۆن مەتر چوارگۆشە (ساڵى 18 مليار مەتر چوارگۆشە) غاز هەناردەى عێراق دەكات، بەڵام تەنها نيوەى ئەو بڕە بۆ كارپێكردنى وێستگەكانى كارەبا بەكاردەهێنرێت.

.

 وەزيرى كارەباى عێراق باسى لەوەكردوە، وڵاتەكەى ساڵانەى 1200 مێگاوات كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكات ئەوەش لە مانگە زۆر گەرمانەكان بەتايبەتى لە هاويندا زياد دەكات كە تێيدا پلەى گەرما لە باشورى عێراق دەگاتە 50 پلەى سەدى.

.

رونيشيكردوەتەوە، هاوردەى كارەبا لە ساڵى 2019 بە 19 گێگاوات مەزەندە كراوە و پێشبينى دەكرێت لە 2020 دا بگاتە 20 گێگاوات، لەكاتێكدا خواست لەسەر وزە لەو كاتانەى كە لوتگەن دەگاتە 25 گێگاوات.

.

بۆ دەستگرتن بە وزەى كارەباى زيادەوە عێراق بەشێوەيەكى ڕاستەوخۆ كارەبا  لە ئێڕانەوە هاوردە دەكات هەروەها غازيش كە بۆ كارپێكردنى وێستگەكانى كارەبا بەكارى دەهێنێت، بەپێى داتاكانى بانكى نێودەوڵەتى نەبونى پێداويستيەكانى كۆكردنەوەى غاز لە كێڵگە نەوتيەكانى عێراقدا بوەتە هۆى ئەوەى ساڵانە 18 مليار مەتر چوارگۆشە غاز بسوتێت و بەفيڕۆ بچێت.

.

چەندين ساڵە عێراق گرێبەستى لەگەڵ چەندين كۆمپانياى بيانى كردوە بۆ پرۆژەى گەورە بۆ كۆكردنەوەى ئەو غازەى لەگەڵ نەوتى خاودا دێتە دەرەوە، "سامر غەزبان" وەزيرى نەوتى عێراق باسىى لەوەكردوە، ساڵى ڕابردوو دوو گرێبەستيان واژۆكردوە بۆ كۆكردنەوەى 21 مليۆن مەتر چوارگۆشە غاز لە كێڵگە نەوتيەكانى "حلفايە" و "ئارتاوى".

.

غەزبان باسى لەوەشكردوە، لەڕێگەى پرۆژەى ترەوە عێراق ڕۆژانە  28 مليۆن مەتر چوارگۆشە غازى تر زياد دەكات (10 مليار مەتر چوارگۆچە ساڵانە)، بەڵام هيچ بەروارێكى بۆ ئەوە ديارى نەكردوە.

.

لەساڵى 2018 يش عێراق بەڵێنى چەند پرۆژەيەكى هاوشێوەى دا كە بڕياربوو بەهۆيانەوە چيتر پشت بە غازى ئێرانى نەبەستێت، بەڵام تائێستا هيچ شتێك لەو پرۆژانە ديار نين، وا دەردەكەوێت كە پرۆژەكان زۆر خاو دەچنە پێشەوە، هەروەها دابەزينى نرخى نەوتى خاويش لە چەند مانگى ڕابردودا پەستانێكى زۆرى خستوەتە سەر حكومەتى بەغدا.

.

سندوقى نەختينەى نێودەوڵەتى ئەوەى بڵاوكردوەتەوە، حكومەتى عێراقى پێويستى بەوەيە كە نرخى يەك بەرميل نەوت لە 60 دۆلاردا جێگير ببێت ئەوەش بۆ دەربازبون لە كورتهێنانى بودجە، ئەمەش لەكاتێكدايە كە لەئێستادا نرخى يەك بەرميل خاوى برێنت لە دەورەبەرى 20 دۆلاردايە.

.

سندوقى نەختينەى نێودەوڵەتى پێشبينى ئەوەش دەكات، بۆ ساڵى 2020 حكومەتى عێراقى بەدەست كورتهێنانى بودجەوە دەناڵێنێت كە كورتهێنان 23.3% دەبێت واتە 40 مليار دۆلار.

.