گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک: شاندی هەرێم دەڵێت عەبدولمەهدی وتوویەتی چیتر ناتوانێت پارە بنێرێت

2020.04.26 - 14:56
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێک: شاندی هەرێم دەڵێت عەبدولمەهدی وتوویەتی چیتر ناتوانێت پارە بنێرێت

ناس کورد-

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و یاسای بودجەی 2019 درزی تێکەوت و جارێکی دیکە کێشە دارایی و نەوتییەکان لەنێوان هەردوولا سەری هەڵدایەوە، ئەندامێکی لیژنەی داراییش ئەگەرچی بڕینی پارەکە بە نایاسایی ناودەبات، بەڵام دەشڵێت، کارە شاراوە و نهێنییەکانی حکومەتی هەرێم ئەم دۆخەی خوڵقاندووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

هەرێمی کوردستان 58 پەرلەمنتاری لە فراکسیۆنە جیاوازەکان لە بەغدا هەیە و نوێنەری هاوڵاتیانی هەرێمن لە بەغدا، بەڵام نوێنەرێک دەڵێت، ئەو ڕۆژەی شاندەکەی هەرێم چووەتە بەغدا کەسیان ئاگادارنەبوون و لێیان شاردوونەتەوە.

.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "وەک فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا تائێستا ڕوون نییە لامان کە هۆکاری سەرەکی ڕاگرتنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چییە، شاندەکە دەڵێن، عادل عەبدولمەهدی وتویەتی ئیتر ناتوانێت پابەند بێت بە ناردنی پارەکە، بەلام ئەوە قسە نییە چونکە یاسایەک هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدادا سەبارەت بەو پرسە".

 .

ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "کێشەی حکومەتی هەرێم ئەوەیە زۆر بێمنەتە، ئەو رۆژەی شاندەکەی هەرێم چوونەتە بەغدا سێ سەرۆکی فراکسیۆن لە بەغدا بوون کەسیان نەیانزانیوە، هیچ پەرلەمانتارێک ئاگادار نەکراوەتەوە لە کێشەکە، تا ئەوەی کار لە کار ترازا و بەتەنها ماینەوە".

 .

وتیشی: "ئەگەر لە سەرەتای کێشەکەدا ئێمەیان ئاگادار بکردایەتەوە ئەوا دەمانتوانی شتێک بکەین و کاتێک لە پەرلەمانەوە 50 واژوو کۆکراوەتەوە بۆ بڕینی پشکی هەرێم دەمانتوانی بە هۆکاری هاوڕێیەتی پاشگەزیان بکەینەوە و ڕێگری لەو کارە بکەین، بەڵام حکومەتی هەرێم هەموو کارێک بە نهێنی و بە شاراوەیی دەکات، بۆیە ئەو دۆخە خوڵقاوە".

.

جەختیشیکردەوە: "تاوەکو حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا پیمان نەڵێت کێشەکە چییە، ناتوانین هەوڵی جدی بدەین بۆ ئەو پرسە لە بەغدا، پێدەچێت سبەینێ لەگەڵ سەرۆکی فراکسۆنە کوردییەکانی بەغدا لەگەڵ شاندەکەی هەرێم کۆببینەوە، تا بزانین کێشەکە چییە و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین".

 .

جەمال کۆچەر ڕونیکردەوە، هەندێک پێشنیاز و پلانیان هەیە بۆ چارەسەر بەڵام  ئامادەنەبوو ناوەڕۆکی پلانەکەیان ئاشکرا بکات و وتی: "با بمێنێت تا کارەکە دەکەین".

 .

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو بەرواری 19ی نیسانی 2010، شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و چەند کۆبوونەوەیەکیشیان ئەنجامدا، بەڵام لەدوای کۆبوونەوەکانیان و گەرانەوەیان بۆ هەرێم بەهیچ شێوەیەک باسیان لە بڕینی موچەی فەرمانبەران نەکرد.

 .

کازمی پێویستی بە کوردە یاخود بە پێچەوانەوە؟

ئێستا سەروبەندی پێکهێنانی کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بۆچوونێک هەیە کە کورد و مستەفا کازمی هەردووکیان پێویستیان بەیەکە و دەکرێت دانوستان بکەن و ببنە کلیلی چارەسەر بۆ یەکتر.

. 

لەوبارەیەوە جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، بەهیچ شێوەیەک ئەوە ڕاست نییە، کازمی پێویستی بە کورد نییە، بەڵکو کورد پێویستییەکی زۆری بە کازمییە.

 .

ڕونیشیکردەوە: "ئەگەر شیعە و سونە پشتگیری لە کازمی بکەن و خۆیان بیانەوێت کابینەکەی تێپەڕێت، ئەوا ئێمە 58 پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا ناتوانین ببینە ڕێگر لە بەردەم پێکهێنانی کابینەکەی کازمیدا و بەبێ ئێمەش دەتوانێت متمانە بۆ کابینەکەی وەربگرێت".

 .

 

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر لەگەڵ ناوهێنانی بۆ ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و هەریەک لە پارتی و یەکێتی پشتگیری خۆیان بۆ مستەفا کازمی دەربڕی و هەر ئەوکات ڕەخنەی ئەوەیان لێگیرا کە بەزووی بریاریانداوە لەو پرسەدا.