ناس کورد-
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی بەریتانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ڕێژەی مردن لەنێو توشبووانی کۆرۆنا زیاد دەکات و ئاماژە بەوەکراوە، دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەی کە توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و خراونەتەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە گیانیانلەدەسداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
.
ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی توێژینەوەیەکی نوێی ناوەندی نیشتیمانیی بەریتانی بۆ توێژینەوە و وردکاری کە ناسراوە بە "ICNARC" بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "پاش ڕووپێوکردن بۆ زیاتر لە شەش هەزار توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرکەوتووە دەرفەتی ڕزگاربوونی ئەو توشبووانەی کە ئامێری هەناسەدانیان بۆ دادەنرێت ڕێژەکەی تەنها 34%ە".
.
لە توێژینەوەکە ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ئەنجامەکانی توێژینەوەکە گومانی پزیشکانی زیاتر کردووە لە توانای ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە ڕزگارکردنی توشبووان، چونکە زیاتر لە هەزار و 700 توشبوو پاش ئەوەی خراونەتەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە گیانیانلەدەستداوە کە ڕێژەکەی دەکاتە 65.4%، تەنها 923 نەخۆش ڕزگاریان بووە واتە 34.6%.
.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو نەخۆشانەی کە تەنها ماسکی ئۆکسجینیان بۆ بەکارهێنراوە 81.9%یان چاکبوونەتەوە و تەنها لە 18.1%یان گیانیانلەدەستداوە.
.
توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەو کەسانەی لە توێژینەوەکەدا وەرگیراون و تەمەنیان لە ژێر 40 ساڵیدا بووە، پاش مانەوەیان لە ژووری چاودێری ورد پێنج کەسیان مردون و 66 توشبووی دیکەش کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 39 ساڵێدا بووە بەهەمان شێوە گیانیلەدەستداوە و 240 کەسی دیکەش کە هاوتەمەنی ئەوانەن ڕزگاریان بووە.
.
پزیشکان هۆشداری ئەوەشیانداوە، زوو بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ژیانی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخاتە مەترسییەوە چونکە چوونە ناوەوەی ئۆکسجینی فشارکراوە بۆ ناو سییەکان توشی هەوکردنیان دەکات.
.
هاوکات ئاژانسی "ئەسۆشیتدپرێس" بڵاوکردوەتەوە، بەگوێرەی داتاکانی نەخۆشخانەکانی ولایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا لە 40% بۆ 50%ی توشبووانی کۆرۆنا کە توشی کێشەی هەناسەسواری بوون بەبێ بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد گیانیانلەدەستداوە، بەڵام ئەوانەی کە خراونەتە ژێرئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە و گیانیانلەدستداوە ڕێژەکەیان85 %دایە.
.
ئەمە وای کردووە پزیشکانی جیهان گومانیان لا دروستبووە لە سوودەکانی بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێیانوایە زیانەکانی ئەو ئامێرە زۆر زیاترە لە سودەکانی.
.