گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنەى ئەفسەرێک لەکاتی ئەشکەنجدانی هاوڵاتییەک توڕەیی عێراقییەکانی گڕداوە

2020.04.26 - 11:48
App store icon Play store icon Play store icon
وێنەى ئەفسەرێک لەکاتی ئەشکەنجدانی هاوڵاتییەک توڕەیی عێراقییەکانی گڕداوە

ناس کورد-

بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەشکەنجدان و سوکایەتیکردن بە هاوڵاتییەکی دانیشتووی پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر دەستی ئەفسەرێکی پۆلیس، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت کە تێیدا ئەفسەرێک پێڵاوەکانی دەخاتەسەر سەری هاوڵاتییەک، هاووڵاتییەکە دەڵێت، بەهۆکاری ئەو ڕووداوە باوکیشی گیانیلەدەستداوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

بە گوێرەی چالاکوانانی توڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو هاوڵاتییە عێراقییە لەلایەن فەرماندەی پاسەوانێتی نەخۆشخانەی گشتیی پارێزگای سەڵاحەدینەوە کە پلەی "موقەدەم"ە ئەشکەنجە دراوە.

.

لەو وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و ناس کورد بەداوداچونی بۆ کردووە، تێیدا دەردەکەوێت ئەفەسەرێکی پۆلیس بە پلەی موقەدەم کەسێکی لە یەکێک لە ڕێڕەوەکانی نەخۆشخانەکە لەژێر پێی ڕاکشاندووە و پێڵاوە سەربازییەکی خستوەتە سەرسەری.

.

پاش بڵاوبوونەوەی وێنەکان چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک کاردانەوەیەک لە سەر ڕووداوەکە نامەیەکی ئەو هاوڵاتییەیان بڵاوکردەوە کە سوکایەتی پێکراوە کە نامەکەی ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە و تێیدا دەڵێت: "باوکم لە نەخۆشخانە بوو لە بەشی هەناوی و حاڵەتی تەندروستی خراپ بوو، پاش ئەوەی پزیشک پشکنینی بۆ کرد و دەرمانی بۆ نوسی، بەڵام دەرمانەکان لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکەدا نەبوو، بۆیە چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی دەرمانەکە بۆ باوکم بکڕم، کاتێک لە دەرەوە هاتمەوە پاسەوانانی نەخۆشخانەکە ڕێگریان لێکردم و بە تووندی لێیاندام و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لە ژورێکدا بەندیانکردم و پاش سوکایەتیکردن ناچاربووم 300 دۆلاریان پێبدات بۆ ئەوەی ئازادم بکەن". 

.

ئەو هاوڵاتییە لە نامەکەیدا دەشڵێت: "پاش ئازادکردنم لەلایەن پاسەوانانی نەخۆشخانەکەوە، زۆر ترسام بۆیە بە پەلە باوکم لە نەخۆشخانەکە دەرکرد و بردمە ماڵەوە ئەوەش وایکرد باری تەندروستی باوکم زۆر خراپ بێت و لە دوایشدا گیانلەدەستبدات".

.

پاش بڵاوبوونەوەی وێنە و چیرۆکی ئەو هاووڵاتییە، چالاکوانانی توڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە ئەو ئەفسەرەی کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە پێشتر ئەفسەربووە لە پارێزگای دیالە، بەڵام بەهۆی ڕفتاری خراپ و ناڕێکیەوە وەک سزایەک گوازراوەتەوە بۆ پارێزگای سەلاحەدین.        

 .

 

چالاکوانی توڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، نامەکەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییە گەیشتوەتە دەستی وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەویش بەڵێنی ئەوەی داوە بە توندترین شێوە سزای ئەو ئەفسەرە بدات، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تائێستا وەزارەتەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە سەر بابەتەکە نەهاتووەتە دەنگ.