گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لە کازمى هەڵدەگەڕێنەوە.. کابینەکەى تێدەپەڕێت؟

2020.04.25 - 14:56
App store icon Play store icon Play store icon
بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لە کازمى هەڵدەگەڕێنەوە.. کابینەکەى تێدەپەڕێت؟

ناس کورد-

مستەفا کازمى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى عێراق خەریکە بەتەنها دەمێنێتەوە، دواى ئەوەى بەشێک لەو لایەنە شیعیانەى کە پشتیوانى ڕاسپاردنیان کرد هێرشیان بۆ سەرى دەستپێکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

لەکاتى ڕاسپاردنى کازمى کە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراق بوو بۆ پێکهێنانى حکومەت لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، سەرکردەى زۆربەى لایەنە سیاسییەکان ئامادەبوون، هەرچەندە بەشێکیان دەمامکیان پۆشیبوو لەترسی کۆرۆنا، بەڵام زومى کامێراکان توانیان زەردەخەنەکانیان تۆماربکەن.

.

ئەو دیمەنانە بۆ یەکەمجار بوو ببینرێن لەدواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە و ڕاسپاردنى دوو کەسى دیکە بۆ سەرۆکوەزیران کە بەهۆى پشتوانینەکردنیان لەلایەن لایەنەکانەوە شکستیان هێنا.

.

بەڵام ئێستا دواى تێپەڕبوونى دوو هەفتە بەسەر ڕاسپاردنیدا، بارودۆخەکە گۆڕاوە، قسە هەیە لەسەر نەبوونى ڕەزامەندى ڕەوتى حیکمە، دیارترین پاڵپشتى کازمى، لەسەر هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەکەى، هەروەها هاوپەیمانى فەتحى شیعى دیارترین باڵى گروپە چەکدارەکان دەستیان کردووە بە تۆمەتبارکردنى کازمى بە پێکهێنانى حکومەتى پشک پشکێنە.

.

عەممار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتى حیکمە و هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح لە مەراسیمى ڕاسپاردنى کازمیدا بەشداربوون، بەڵام بەپێی هەندێ سەرچاوە حەکیم یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانە بووە کە پشتیوانى کازمى کردووە بۆ ئەوەى ببێتە سەرۆکى حکومەت.

.

دواى ڕاسپاردنى کازمى، هاوپەیمانى فەتح کە زۆرترین گروپە چەکدارە شیعییەکانى لەخۆگرتووە، کازمى بێبەریکرد لەو تۆمەتانەى لەلایەن کەتائیبى حزبوڵا و بزوتنەوەى نوجەباوە ئاڕاستەى کران، بەوەى دەستى هەبووە لە کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس لەلایەن ئەمریکاوە.

.

ناکۆکى لەسەر پۆستەکان 

لەگەڵ دزەکردنى لیستى ناوى کاندیدەکانى کازمى بۆ پێکهێنانى کابینەکەى، ناڕەزاییەکان بەروى کازمیدا تەقینەوە، هاوپەیمانى فەتح تۆمەتباریدەکات بەوەى  بەشێوەیەکى جیاواز مامەڵەى لەگەڵ پێکهاتەکان کردووە.

.

محەمەد غەبان، سەرۆکى هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانى عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو بەشێوەیەکى جیاواز رەفتار دەکات، پشکەکانى داوە بە کورد و سونە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوەى هاوشێوەى ئەوان مامەڵە لەگەڵ شیعەدا بکات".

.

غەبان لە تویتێکى دیکەدا داوا لە کازمى دەکات پابەندبێت بەو بنەمایانەى کە لایەنە سیاسییەکان لەسەرى رێککەوتوون.

.

بەپێی ئەو لیستەى دزەیپێکراوە بۆ میدیاکان، کازمى 17 کەسى بۆ وەرگرتنى پۆسە وەزارییەکان دیاریکردووە، لەگەڵ دواخستنى دیاریکردنى پێنج وەزیر کە بەرگرى و ناوخۆیان تێدایە.

.

بڵاوبوونەوەى لیستەکە کاردانەوەى جیاجیاى بەدواى خۆیدا هێناوە، هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر پێیوایە تێپەڕاندنى ئەو کابینەیە لە پەرلەمان "کارێکى قورسە"، داواشى لە کازمى کردووە کەسانى شارەزا کاندید بکات.

.

بەپێی گۆڤارى فۆڕەین پۆڵسی ئەمریکى، ئەگەر هەیە دامەزراوە سیاسییەکان لە عێراق تواناى کازمى بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخەکە لەبارببەن، چونکە دامەزراوەى سیاسی لە عێراق زۆر گەندەڵە و ئەمریکییەکانیش زۆر ڕاران لەو بارەیەوە و ئێرانیش بەم شێوەیەى ئێستا عێراقى خۆشدەوێت.

.

بەڵام مستەفا سەماوی، شیکەرەوەى سیاسی عێراقى کەمتر ڕەشبینە و بە پێگەى حورەى وتووە، "گرەوکردن لەسەر شکستهێنانى کازمى زۆر مەترسیدارە، دۆخى عێراق دواخستنى زیاترى پێکهێنانى حکومەت هەڵناگرێت".

.

پێشیوایە، ناڕەزاییەکانى کوتلەى فەتح واتاى ئەوەیە کازمى روبەڕوویان بووەتەوە، سەرۆکوەزیران هیچ کورسییەکى لە پەرلەمان نییە و سەر بە هیچ لایەنێک نییە و دەوڵەمەندێکى گەورە و سەرکردەى هیچ گروپێکى چەکدارى نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تواناى هەیە روبەڕووى فەتح ببێتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندى کازمییە.