گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى کۆبوونەوە دواخراوەکەى لەگەڵ پارتى تاوتوێ دەکات.. کێ هۆکارى دواخستنى بوو؟

2020.04.25 - 11:36
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى کۆبوونەوە دواخراوەکەى لەگەڵ پارتى تاوتوێ دەکات.. کێ هۆکارى دواخستنى بوو؟

ناس کورد-

ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێک دەکات لە ناویاندا پرسی کۆبوونەوە دواخراوەکەى لەگەڵ پارتى کە هێشتا وادەى نوێی بۆ دانەنراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

بڕیاربوو چوارشەممەى ڕابردوو هەردوو مەکتەبى سیاسی پارتى و یەکێتى کۆببنەوە بە مەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان کە بەمدواییانە ڕوویان لە زیادبوون کردووە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکى نادیار دواخرا.

.

زوبێر عوسمان، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى ئەمڕۆ شەممە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆدەبێتەوە، بەمەبەستى هەڵبژاردنى بۆردەکانى مەکتەبە سەربەخۆکان".

.

وتیشى، "هەرچەندە تاوتوێکردنى پرسی کۆبوونەوە دواخراوەکە لەگەڵ پارتى لە بەرنامەى کاردا نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە تاوتوێدەکرێت، چونکە ناکرێت سەرکردایەتى کۆبێتەوە و پرسێکى لەو شێوەیە تاوتوێنەکرێت".

.

تا ئێستا هیچ وادەیەکى نوێ بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى دیارینەکراوە، کە ئەگەر ئەنجام بدرێت دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەى ئەو دوو لایەنە لەدواى کۆنگرەى یەکێتى یەوە کە کۆتایی ساڵى ڕابردوو بەڕێوەچوو.

.

زوبێر  عوسمان وتى، "دواخستنى کۆوبونەوەکە لەسەر داواى پارتى بووە، تا ئێستاش هیچ وادەیەکى نوێ بۆ ئەنجامدانى دیارینەکراوە".

.

ئامانجى کۆبوونەوە دواخراوەکە، تاوتوێکردنى کێشەکانى ئەم دواییەى نێوان پارتى و یەکێتى بوو، کە دیارترینیان بارگژییەکانى زینى وەرتێ و پرسی شەراکەت بوو لە حکومەتدا کە یەکێتى داوایدەکات.

.

پێشتر فەرید ئەسەسەرد سکرتێرى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بۆ دانانى بنەماى تازەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بەتایبەت کە یەکەم کۆبوونەوە دەبێت لەدواى کۆنگرەى یەکێتیەوە کە لەگەڵ پارتى بکرێت.

.

وتیشی، هەموو ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەکە تەواو بوو بوو، تەنانەت شاندی یەکێتی و ڕێگای چوونی شاندەکەش بۆ هەولێر دیاری کرابوو.