ناس کورد-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك لەكاندیدە وەزارییەكەی كابینەكەی كازمی مشتومڕییان لەسەرە و بەشێكی دیكەیان شایستەی ئەو پۆستە وەزارییانە نین.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێكدا میساق حامدی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لیستی كاندیدەكانی مستەفا كازمیان بۆ وەزارەتەكان بەدەستگەیشتووە و سەیری سیڤی و توانا و باكگراوندەكانیان كراوە، بۆیان دەركەوتووە "زۆربەیان شایستەی ئەو پۆستانە نین و لەئایندەدا لەئاستی ئەو بەرپرسارێتیەدا نابن".
.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دەستنیشانكردنی وەزیری بەو ڕێگەیە قەیرانی سیاسیی نوێ لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا دروستدەکات و ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردنیان بۆ دەستەبەر ناكات كە دەستور دیاریكردووە، کازمى بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان بەپێوەری دوو لایەنە مامەڵەی كردووە.
.
پەڕلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشكردووە، ئەو قۆناغەی كە كازمی تێدا ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لە منداڵانی نەهامەتیەكانی خەڵكەوە هاتووە و ئەوەش پێویستی بە كەسایەتیەكی بەهێز و هەڵسەنگێنەرە.
.
وتیشى "ئەو کەسایەتییە ناكرێت هیچ مشتومڕێك هەڵبگرێت و یاخود لەلایەن شەقامەوە ڕەتبكرێتەوە، مەرجەعیەتی باڵای ئاینیش چەند تایبەتمەندییەكی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان دەستنیشان كردووە و دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە بەهەند وەربگیردرێت".
.
بەپێی ئەو لیستەى دزەیپێکراوە بۆ میدیاکان، کازمى ١٧ کەسى بۆ وەرگرتنى پۆسە وەزارییەکان دیاریکردووە، لەگەڵ دواخستنى دیاریکردنى پێنج وەزیر کە بەرگرى و ناوخۆیان تێدایە.
.
بڵاوبوونەوەى لیستەکە کاردانەوەى جیاجیاى بەدواى خۆیدا هێناوە، هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر پێیوایە تیپەڕاندنى ئەو کابینەیە لە پەرلەمان "کارێکى قورسە"، داواشى لە کازمى کردووە کەسانى شارەزا کاندید بکات.