گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى عێراق داوا دەکات لە کابینەى نوێدا وەزارەتى سیادى نەدرێتە کورد

2020.04.24 - 16:47
پەرلەمانتارێکى عێراق داوا دەکات لە کابینەى نوێدا وەزارەتى سیادى نەدرێتە کورد

 

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق داوا دەکات لە پێکهێنانى کابینەى نوێى عێراقدا هیچ وەزارەتێکى سیادى نەدرێتە کورد تا ئەو کاتەى بەیاسایەک پەیوەندى و پرەنسیپى شەراکەتى هەرێمى کوردستان لە پرسە چارەنوسسازەکاندا، دیارى دەکرێت.

.

 

ئەمڕۆ (هەینى) کەریم علێوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "هێزە نیشتمانییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن رێگرى بکەن لە تێپەڕینى هەر وەزیرێک کە نوێنەرایەتى پارتە کوردییەکان بکات بۆ هەر وەزارەتێکى سیادى".

.

علێوى لە ڕاگەیەندراوەکەدا داواى ئەوە لە پەرلەمانتاران دەکات کە هیچ وەزارەتێکى سیادى نەدرێتە نوێنەرانى پارتە سیاسیەکانى کورد لە کابینەى نوێى حکومەتى عێراقدا تا ئەو کاتەى لەپەرلەمانى عێراقەوە یاسایەک گەڵاڵەدەکرێت بۆ دیاریکردنى شێوەى پەیوەندى و شەراکەتى ڕاستەقینەى هەرێم و بەغدا لە پرسە چارەنوسسازەکاندا وەک یاساى نەوت و گاز و یاساکانى پەیوەست بە کارى دەرەکى و پلاندانانى ستراتیژى و دابەشکردنى داهاتەکان".

.

ئەو پەرلەمانتارە رونیکردۆتەوە "ئەزمونى رابردوومان لەگەڵ پارتە سیاسیەکانى کورد لەبوارى پەیوەندى دەرەکى لەو کاتەى وەزارەتى دەرەوەیان درایە و هەروەها لەبوارى ماددى کە وەزارەتى داراییان درایە، ئەزمونگەلى شکستخواردو بوون و ئەو وەزیرانە بەتەنها لە بەرژەوەندى هەرێم و پارتەکانى خۆیان کاریان دەکرد بەبێ ئەوەى ڕەچاوى ئەوە بکەن کە ئەوان وەزیرن لە حکومەتێکى فیدراڵیدا".

.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە " وەزارەتەکانى نەوت و پلاندانان و دەرەوە، سەرجەمیان بە خزمەتگوزارى ستراتیژییەوە گرێدراوون و بناغەى دەوڵەتى عێراق و پرەنسیپە سەرەکییەکانى عێراق پێکدەهێنن، ئەزمونەکانى رابردووشمان نەرێنى بوون لەو بارەیەوە و تائەمڕۆش باجى ئەوە دەدەین".

.

بەوتەى علێوى "سوربوون لەسەر وەرگرتنى وەزارەتى سیادى بە پارتە سیاسییە کوردییەکان بەتایبەتى وەزارەتى دارایى ئەوە دەگەیەنێت کە قوتى خەڵکى عێراق و موچەى فەرمانبەرەکانى لە قۆناغى داهاتوودا بە با دەبرێت و سامان و داهاتى گەلى عێراق دەخرێتە خزمەت چەند کەسێکى ناو پارتە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان".  

.