گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوار گروپى حەشدى شەعبى جيابونەوە و چونە سەر هێزە ئەمنيەكانى عێراق

2020.04.23 - 14:17
App store icon Play store icon Play store icon
چوار گروپى حەشدى شەعبى جيابونەوە و چونە سەر هێزە ئەمنيەكانى عێراق

 

ناس کورد- 

عادل عەبدولمەهدى، سەرۆكوەزيرانى كاتى عێراق فەرمانيكردوە كە چوار گروپى چەكدارى سەر بە عەلى سيستانى مەرجەعى باڵاى ئايينى شيعە بخرێنە ژێر دەسەڵاتى سەركردايەتى سەرۆكى هێزە چەكدارەكان لەبرى حەشدى شەعبى، چاودێرانيش پێيان وايە ئەو هەنگاوە ئامادەكاريیە بۆ دابڕاندنى گروپەكانى حەشدى شەعبى نزيك لە ئێران.

.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێى بەڵگەنامەكە كە ڕۆژى يەكشەممە لە نوسينگەى سەرۆكى هێزە چەكدارەكانى عێراقەوە دەركراوە، عادل عەبدولمەهدى، سەرۆكوەزيران "فالح فەياز" سەرۆكى دەستەى حەشدى شەعبى ئاگادار كردوە كە ئەو چوار ليوايەى سەر بە حەشدى شەعبى بخاتە ژێر دەسەڵاتى سەرۆكى هێزە چەكدارەكانى عێراقەوە لە ڕوى ئيدارى و پرۆسەكانيشيانەوە.

.

ئەو بڕيارە دواى كۆبونەوەيەك دێت كە لە 18\3\2020 لە بارەگاى وەزارەتى بەرگرى بە ئامادەبونى سەركردەكانى هەر چوار گروپەكە و "ناجح شەمەرى" وەزيرى بەرگرى ئەنجام دراوە، كە تێيدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە كراوە چەكدارەكانيان بخەنە سەر سيستمى ئەمنى فەرمى عێراق، ئامادەبوانيش هاوڕابون لەسەر ئەوەى كە گروپەكانى سەر بە حەشدى شەعبى لە ميحوەرە نێودەوڵەتى و هەرێميەكان دوور بخەنەوە و تەركيز بخەنە سەر شەڕى دژى داعش و لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى عێراقيدا بن.

.

پێشتريش كێشە كەوتنە نێوان ئەو گروپە چەكداريانە و گروپەكانى سەر بە ئێران، ئەوەش بەهۆى ئەوەى چوار ليواكە ڕەتيان كردەوە كە "ئەبو فدك" سەركردەى كەتيبەكانى حزبوڵڵا بكرێتە جێگرەوەى "ئەبو مەهدى موهەنديس" وەك جێگرى نوێى سەرۆكى دەستەى حەشدى شەعبى، هەڕەشەى كشانەوەشيان كردبوو ئەگەر حكومەتى عێراق سنورێك بۆ دەستوەردانەكانى ئێران لەناو حەشدا دانەنێت.

.

لاى خۆشيەوە "مەيسەم زەيدى" سەركردەى فيرقەى عەباس كە فيرقەيەكى شەڕكەرە و چەندين ساڵە دژى ڕێكخراوى داعش شەڕ دەكات، سەركردايەتى حەشدى شەعبى بەوە تۆمەتبار كردبوو كە لە ڕووى دارايى و كاروبارى لۆجستيەوە جياوازى لەنێوان گروپەكانى حەشد دەكات.

.

يەكێكى تر لە كێشەكان ئەوەيە كە ئەو ليوايانەى سەر بە مەرجەعى ئاينى كێشەيان نييە لەوەى لەژێر چەترى سەركردايەتى پرۆسە هاوبەشەكان كار بكەن كە پڕۆسە هاوبەشەكانيش هەماهەنگیان لەگەڵ هاوپەيمانى نێودەوڵەتى هەيە، بەڵام "ئەبو فدك" و گروپەكانى ترى سەر بە كۆمارى ئيسلامى ئێران ئەوە ڕەتدەكەنەوە.

.

كشانەوەى ئەو چوار گروپە و تێكەڵكردنيان لەگەڵ دەزگا ئەمنيە فەرميەكانى عێراق گورزێكى بە ئازارە لە ئێران و هاوپەيمانەكانى لە عێراق، كە تائێستادا ئەو برينەيان ساڕێژ نەبوە كە بەهۆى كوشتنى قاسم سولەيمانيەوە دروستبوو.

.

پەيمانگاى لێكۆڵينەوەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست كە پێگەكەى لە واشنتنۆنە لەو بڕوایەدایە، كشانەوەى ئەو چوار ليوايە كە ڕاهێنراون و ئامادەن لە حەشدى شەعبى وا دەردەكەوێت كە بڕيارێكە لە سيستانيەوە بۆ كۆتايى هێنان بەو فەتوايەى كە ساڵى 2014 دەريكرد و تێيدا داواى لە هەموو عێراقيەكان كرد كە تواناى هەڵگرتنى چەكيان هەيە بۆ ئەوەى بەرگرى لە وڵاتەكەيان بكەن دژى ڕێكخراوى داعش.

.

ڕونيشكراوەتەوە، ئەو فەتوايە لەلايەن گروپە چەكدارەكانى نزيك لە ئێرانەوە بەكارهێنرا بۆ بەهێزكردنى دەسەڵاتى ميليشياكان لەسەر حسابى دەوڵەتى عێراق.

.