گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆناڵد ترەمپ بڕیاری قەدەغەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا واژۆ دەکات

2020.04.22 - 22:31
دۆناڵد ترەمپ بڕیاری قەدەغەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا واژۆ دەکات

 

ناس کورد-

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، واژۆ لەسەر بڕیاری قەدەغەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا دەکات دەشڵێت، ئامانجی بڕیارەکەی ئیدارییە تەنها بۆ پاراستنی کرێکارانی وڵاتەکەیەتی لە کاریگەرییەکانی داڕوخانی ئابوری بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە.

.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە،22ى نیسانی2020) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەپێگەی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "ئەمڕۆ واژۆ لەسەر بڕیاری قەدەغەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا دەکەم".

.

سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، ئامانج لەو بڕیارە ئیدارییە بۆ پاراستنی کرێکارانی وڵاتەکەیەتی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەتای کۆرۆنا و داڕمانی ئابوری بەهۆی ئەو پەتایەوە.

.

ترەمپ، ئاماژەی بەوەشکردووە، قەدەغەی هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی لە ئێستادا کاتی دەبێت بۆ ماوەی 60 ڕۆژ و بەشێکە لەڕێکارەکانی حکومەتی وڵاتەکەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

.

ترەمپ، لە تویتەکەیدا وتوشیەتی "بەم هەنگاوە پاش هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ و کردنەوەی وڵاتەکەیان دەرفەتی کار بۆ ئەمریکییەکان زیاتر دەبێت".

.

بەپێی بڕیارەکە بێت، هیچ کۆچبەرێک بۆی نییە لەو ماوەیەدا بچێتە ئەمریکا، تەنانەت ئەو کۆچبەرانەش کە لە ڕێگەی پرۆگرامەکانی کۆچبەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەسەندکراون و ئەوانەشی کە داوای کارتی نیشتەجێبوونی بەردەوامیان کردووە کە ناسراوە بە( کارتی سەوز).

.

بڕیارەکەی ترەمپ لە کاتێدایە کە دوێنێ (سێشەممە) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو "هەوڵدەدەم  ئەو ئەمریکییانەی کە بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن پێشەنگ بن لە دۆزینەوەی هەلی کارو لەپێش ئەو کەسە بیانیانەوە بن کە بۆ دەرفەتی کار دەگەڕێن لە ئەمریکا".

.

 مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و پرسی پەنابەران و کۆچکردن بۆ ئەمریکا یەکێکە لەو بنەمایانەی کە ترەمپ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خۆی لەسەر ئەنجامدەدات، کە پێشتریش وەک بەرنامەیەکی سیاسی خۆی ئاشکرایکردووە.

.

لە ئێستادا ئەمریکا بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنێت و لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندایە لە تۆمارکردنی توشبووان بەو پەتایە بە جۆرێک ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ڤایرۆسەکە مردون لەو وڵاتە 46 هەزار کەسی تێپەڕاندوە و زیاتر لە 830 هەزار کەسیش گیرۆدەی ڤایرۆسەکە بوون.

.