ناس کورد-
خۆبەخشانی تەندروستی لە تیمەکانی ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا نامەيەكى كراوە ئاڕاستەى هەڤاڵ ئەبوبەكر پاڕێزگارى سلێمانى دەکەن و تێيدا ئاماژە بەوە دەدەن، ئاگادار بوینەوە لەوەی بەشێوەیەکی نهێنی و شاراوە ناوی خۆبەخشانی نەخۆشخانەی سەرچنارتان ناردووە بۆ وەزارەت و ئەم کارەش هیچی کەمتر نییە لەو دزی و فزی و فەسادییەى لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێت و پێویستە بەزوترین کات ڕونکردنەوە بدەن.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو خۆبەخشانە لە نامەكەياندا بۆ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر باسيان لەوەكردوە، پاش ئەوەی ئاگادار بووینەوە لەوەی لەلایەن بەڕێزتانەوە بە شێوەیەکی نهێنی و شاراوە ناوی خۆبەخشانی نەخۆشخانەی سەرچنار "طاهر علی والی بەگ" کە بۆ ڕوبەڕو بونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا کاریان کردوە نێردراوە بۆ وەزارەت گەر وابێت! بەپێی ئەو بەڵێنەی پێتداون.
.
رونيشكراوەتەوە، وێڕای ئەوەی لە لایەکەوە کارێکی باشتان کردووە، بەڵام لە ڕویەکی ترەوە ئەم کارەتان هیچی کەمتر نییە لەو دزی و فزی و فەسادی و بە تاڵان بردنی داهات و نەوت و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیان لە لایەن دەسەڵاتەوە، ئەم کارەتان پێشێلکردن و خواردنی مافی سەرجەم ئەو خۆبەخشانەیە کە کاریان کردووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بە ڕۆژ و شەو لە هەر یەک لە "نەخۆشخانەی عەلی ناجی و سەنتەری پەرەپێدان و نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ".
.
دەشڵێن "بۆیە پێویستە بەزووترین کات ڕونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بدەن و بۆ هەموانی ڕون بکەنەوە کە مەبەست لەم کارەتان چییە، بە پێچەوانەوە ئێمەی خۆبەخشان ڕێکاری یاسایی و توند دەگرینە بەر لە پێناو بەدەستهێنانی هەق و مافی سەرجەم ئەو خۆبەخشانەی کە گیان فیدایانەو خۆنەویستانە و بە دڵسۆزی کارەکانیان ئەنجامداوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، وە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە.
.
سەبارەت بەو بابەتە "ناس كورد" پەيوەنديكرد بە هەريەكە لە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پاڕێزگارى سلێمانى و "دكتۆر ياد نەقشبەندى" وتەبێژى بەڕێوەبەرايەتى تەندروستى سلێمانى بەڵام وەڵاميان نەدايەوە، هەروەها "دكتۆر سەباح هەورامى" بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانيش پەيوەنديەكەى بەردەست نەبوو.
.