گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەسەر بەقاچاخ هاوردەکردنی پەتاتە ڕاگەیەنراوێک لەدژی وەزارەتی دارایی بڵاودەکاتەوە

2020.04.22 - 13:10
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەسەر بەقاچاخ هاوردەکردنی پەتاتە ڕاگەیەنراوێک لەدژی وەزارەتی دارایی بڵاودەکاتەوە

ناس کورد-

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی رابردوودا زانیاریمان دەستکەوت کە  مۆڵەت دراوە به کۆمپانیایەک بۆ ماوەی شەش مانگ پەتاتە لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردە بکات و لەباجی گومرگیش ببەخشرێت، بە ناوی ئەوەی کۆمپانیاکە پەتاتەکە وەک کەرەستەی خاوی دروستکردنی چپس و فنگەری پەتاتە بەکار دێنێت، لە کاتێکدا جووتیانی ئەم هەرێمە هەزاران دۆنم زەویان بە بەرهەمی پەتاتە داچاندووە و چاوەڕێن لە ڕێگای فرۆشتن وساغکردنەوەی بەرهەمەکەیانەوە قازانج بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، لەڕێگەی وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە کارئاسانی بۆ کۆمپانیایەک کراوە پەتاتەی جپس هاوردە بکات کە قەدەغەیە و لە هەموو گومرگێکیش بەخشراوە، دەشڵێت، تەنها ڕەسیدەکە لە بازاڕدا سێ ملیۆن دۆلار دەکات.

.

زیاتر بخوێنەوە: پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی هەرێم کارئاسانی بۆ کۆمپانیایەک کردووە کە قەدەغەیە

.

 

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، "لەم کاتەدا جووتیارانمان پێویستیان بەوە هەیە زەمینەی پێویست بڕەخسێنرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵە بەو پەڕی تواناوه پاڵپشتيان بكات بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت بەرنامە و پلانی ووردی درێژخایەنی هەیە کە تێیدا چەندین میکانیزمی گونجاومان دەستنیشان کردووە بۆ رێگریکردن لەوەی بەرهەمی هاوردە بتوانێ کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی بکات، چ بە قەدەغەکردنی هاوردە بێت لە کاتە پێویستەکاندا، چ بە زیاد کردنی باج بێت."

.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لە بنچینەدا کار و بەرپرسیارێتی وەزارەتی کشتوکاڵە بەپێی پێویستی ناوخۆ و دوای هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ مۆڵەت بدات بە هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە حاڵێکدا ئەگەر بەرهەمی خۆماڵی نەتوانێ پێویستی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە."

.

ڕاشیگەیاند، "مۆڵەتى ئەم کۆمپانيايه  بە گوێرەی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ١٩٩٨ دراوە، کە ئەویاسایە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ئینفاز نەکراوە و ناکرێ یاسایەک پەرلەمانی کوردستان ئینفازی نەکردبێت کاری پێبکرێت."

.

لە کۆتاییدا دەڵێت، "ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەمیشە دووپاتمان کردۆتەوە کە هەموو ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی لە بواری پیشاسازی خۆراکدا کار دەکەن دەبێت بەرهەمی ناوخۆیی وەک کەرەستەی خاو بەکار بهێنن، بەو کارگانەشەوە کە بەشێکن لە کۆمپانیا ناسراوه جیهانیەکان و پابەند کراون بەوەی چەند جۆرێکی دیاریکراو بەرووبوومی کشتوکاڵی بەکاربهێنن و پێمان راگەیاندوون دەبێت تۆوی بەرهەمه دیاریکراوەکان بهێنن و لە کوردستان دایبچێنن، ئەمەش لە پێناو زیاد کردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی جووتیاران بۆ داچاندنی زۆرترین رووبەری زەویەکانیان."

.

جەختیشدەکاتەوە کە "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە رێگریمان کردووە لە هێنانەناوەوەی ئەو بەرهەمەو لە دەروازەى سنورى باشماخ رامانگرتووە. داواشمان لە وەزارەتی بازرگانی کردووە مۆڵەتەکەیان پووچەڵ بکەنەوە."

.

دووپاتیشی دەکاتەوە "کە بەهیچ شیوەیەک وەزارەتی کشتوکاڵ ئاگاداری ئەو مۆڵەتە نییە، زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و دڵسۆزى كارمەندانمان لەكەرەنتينەكانمان دەکەین لەبەرامبەر چاودێرى ورديان بۆ پاراستنى بەرهەمى ناوخۆيي."