گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى چاوى لە بنەماى تازەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى لەگەڵ پارتى

2020.04.22 - 11:24
یەکێتى چاوى لە  بنەماى تازەیە  بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى لەگەڵ پارتى

ناس کورد-

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان چاوى لە "دانانى بنەماى تازەیە" لەگەڵ پارتى بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوانیان، کە ماوەى چەند هەفتەیەکە رووى لە زیادبوون کردووە.

.

چاوەڕواندەکرێت پێشنیوەرۆى ئەمڕۆ پارتى و یەکێتى کۆبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانى نێوانیان، کە دیارترینیان گرژییەکانى زینى وەرتێیە کە پەلیکێشاوە بۆ کێشەى دیکە وەکو پرسی شەراکەت لەنێوانیاندا لەحکومەتى هەرێمدا.

 

.

 

 

هەرچەندە لە ئێستادا دەنگۆى دواخستنى کۆبوونەوەکە بڵاوبووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو یەکلانەبووەتەوە و دوو بەرپرسى باڵای یەکێتى بۆ ناس کورد بێ ئاگایی خۆیان لە بڕیارى دواخستنى دەربڕى.

.

"بنەماى تازە"

کۆبوونەوەکەى نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتى و یەکێتى ئەگەر بکرێت، دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەى نێوان ئەو دوو حزبە لەدواى کۆنگرەى یەکێتى یەوە لە کۆتایی ساڵى رابردوودا کە گۆڕانکارى گەورەى لەناوخۆى ئەو حزبدا هێنایە ئارا.

.

کۆنگرەکە بووە هۆى سەرخستنى ژمارەیەک بەرپرسى ئەو حزبە بۆ لوتکەى هەڕەمى دەسەڵاتى یەکێتى کە لەلاى پارتى خوازراو نەبوون، بەتایبەتى هەردوو هاوسەرۆکى یەکێتى بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى.

.

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێرى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئەگەر کۆبوونەوەکە بکرێت کۆبونەوەیەکى زۆر گرنگ دەبێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بەتایبەت کە کە یەکەم کۆبوونەوى نێوان مەکتەبی سیاسی هەردولایە لەدواى کۆنگرەى یەکێتى".

.

وتیشى، "کۆبوونەوەکە گرنگە بۆ دانانى بنەمایەکى تاز بۆ چارەسەرى کێشەکان".

.

ئەسەسەرد باسى لەوەشکرد، تا دوێنێ شاندەکە ئامادەبووە و هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون، تەنانەت رێگەى چونیش دانراوە، بەڵام ئاگادار نییە کە ئەمرۆ بڕیارى دواخستنى درابێت.

.

ناس کورد پەیوەندی بە زۆربەى ئەندامانی شاندەکەى یەکێتی کرد بەڵام هیچکامیان وەڵامی پەیوەندییەکان نادنەوە.

.

کێشەکان چین؟

ئەگەرچى کێشەکانى ئێستا بەهۆى بارگرژییەکانى زینى وەرتێوە سەیهەڵداوە، بەڵام وادیارە ئەوە تەنها بەشێکى کێشەکانە دواى ئەوەى یەکێتى پرسی کێشەى شەراکەتى راستەقینەى لەحکومەتدا هێنایەوە بەرباس، کە داواکارییەکى سەرەکى ئەو حزبەیە لەدواى پێکهێنانى حکومەتەوە تا ئێستا.

.

وادیارە پارتیش لە پەیامەکەى یەکێتى تێگەیشتووە، بەتایبەت کە ناوەڕاستى ئەم مانگە وتەبێژى پارتى لەدواى کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسی حزبەکەى ڕایگەیاندبوو، "لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریمان هەیە، ئەو رێککەوتنانە واژۆ کراون و پێویستە بۆیان بگەڕێینەوە و لەکوێ کێشەیەک هەیە بە دیالۆگ چارەی بکەین".

 

.

 

 

هەروەها نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کە هاوکات جێگرى سەرۆکى پارتییە لەچەند ڕۆژى رابردوودا زیاد لە جارێک جەختى لە چارەسەرى کێشەکان بە گفتوگۆ کردەوە.

.

کۆوبونەوەى چاوەڕوانکراوى ئەمڕۆى نێوان پارتى و یەکێتى دواى چەند هەفتەیەک دێت لە شەڕى ڕاگەیاندن لەنێوانیاندا بەهۆى کێشەکانى نێوانیانەوە و هەردوو حزب چاویان لەم کۆبوونەوەوەیە بۆ ئەوەى داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم یەکترى.

.

حاجى مەسیفى، جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى یەکێتى لە هەولێر بە ناس کوردى وت، "کێشەکان ئەوەندە گەورە نین و پێشبینى دەکرێت بگەینە رێککەوتن".

.

بۆ کۆبوونەوەکە یەکێتى چەند داواکارییەکانى ئامادەکردووە کە دیارترینیان گەڕانەوەى دۆخى زینى وەرتێیە بۆ پێش ٢٣ى ئەم مانگە و ناردنى هێزى هاوبەش لەلایەن وەزارەتى پێشمەگەوە بۆ جێگرتنەوەى هێزێکى یەکێتى کە لەو سنورە جێگیرکرابوو.

 

.

 

 

زینى وەرتێ دەکەوێتە دەڤەرى برادۆست و لەچەند هەفتەى ڕابردوودا سێ بارەگاى سەربازى پارتى و یەکێتى و پەکەکەى لێدانرا، پێش ئەوەى فڕۆکەکانى تورکیا بارەگاکەى پەکەکە کە لە نزیک بارەگاکەى یەکێتى بوو بکەنە ئامانج.

 

 

.

 

حاجى مەسیفى وتى، "ئێمە شەڕى ناوخۆشمان کرد و گەیشتنە رێککەوتن ئەمەى ئێستا ئەوەندە گەورە نییە بارودۆخەکە بەرەو رێککەوتنە لەسەر کێشەکان نەک ترازان".