گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە ئەگەرى مردنى سەرۆکە گەنجەکەى کۆریای باکور کێ جێگەی دەگرێتەوە؟

2020.04.21 - 21:55
App store icon Play store icon Play store icon
لە ئەگەرى مردنى سەرۆکە گەنجەکەى کۆریای باکور کێ جێگەی دەگرێتەوە؟

 ناس کورد-

 

دواى بڵاوبونەوەى چەند ڕاپۆرتێك لەسەر بارودۆخى تەندروستى كيم جۆنگ ئون، سەرۆکی كۆرياى باكور، قسەوباس لەسەر ئەوە دروستبوە ئەگەر كيم بمرێت كێ شوێنى دەگرێتەوە؟ شارەزايان پێيان وايە بە مردنى سەرۆكە ديكتاتۆرەكە كێشەى سياسى بۆ دياركردنى شوێنگەرەوەى دروست دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوی میدیایی جیهانیی، كيم جۆنگ ئون لە ماوەى ڕابردودا بارودۆخى تەندروستى تێكچوە و براوەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەرى دڵ و ملولەكانى خوێنى بۆ كراوە، هەرچەند چەند ڕاپۆرتێك باس لەوەدەكەن كە بارودۆخى ناوبراو باش بووە، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگريەكانى ئەمريكا دەڵێن، ژيانى كيم لە مەترسيدايە و بارودۆخى خراپە، لەماوەى ڕابردوشدا لە هيچ بۆنەيەكى وڵاتەكەى دەرنەكەوتوە.

.

شارەزايان پيێيان وايە، نەبونى كيم شۆكێكى گەورەيە بۆ سەركردەكانى كۆرياى باكور و بە مردنى ناوبراو قەيرانێكى سياسى گەورە بۆ دياریكردنى جێگرەوەيەك بۆى دروست دەبێت.

.

ماوەی بێ سەرۆکی

كۆرياى باكور لە مێژوى خۆيدا چەند ماوەيەكى جياوازى بەبێ سەرۆک ياخود شوێنگەرەوەيەك بەخۆيەوە بينيوە، يەكەم ماوەش پێش ئەوەبوو كە "كيم جۆنگ سونگ" باپيرەى "كيم جۆنگ ئون" بكرێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە لە سەرەتاكانى حەفتاكاندا، دووەم جاريش دواى ئەوەى لەساڵى 1994دا ناوبراو مرد ماوەيەك پۆستى سەركردەى ئەو وڵاتە بەبێ سەرۆك مايەوە تا "كيم جۆنگ ئيل" باوكى "كيم جۆنگ ئون" كرا بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، سێيەم جاريش لەساڵى 2011 بوو كە تێيدا "كيم جۆنگ ئون" وەك جێگرەوەى سەرۆکی ئەو وڵاتە ديارى كرا.

.

لە ساڵى 1994دا ئارامترين ڕێگە بۆ دياریكردنى سەرۆکی كۆرياى باكور ئەوەبوو كە "كيم جۆنگ ئيل" بكرێتە سەركردەى وڵات و جێگرەوەى باوكى، بەڵام ئەم سەركردەيە هيچ شوێنگەرەيەكى بۆ ديارى نەكرا تا ساڵى 2011 كاتێك "كيم جۆنگ ئون"ى كوڕى كرايە جێگرەوەى، ئەوەش دواى ئەوەى كە لە ساڵى 2009ەوە لە مەيدانى سياسيدا دەركەوتبوو، كە هەر لەو ساڵەشدا باوكى مردوو و بوە سەرۆكى وڵاتەكەى.

.

لە ساڵەكانى 1994 و 2011يش كاتێك هەردوو سەرۆك گيانيان لەدەستدا، بەڵام هيچ يەكێك لەو جێگرانەيان كە ئەندامى حزب بوون و بۆيان دانرابوو داواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەيان نەكرد، ئەگەرچى هەندێكيان حەزيان دەكرد.

.

شتێكى سروشتيە بە مردنى "كيم جۆنگ ئون" يەكێك لە گەورە سەركردەكانى حزبى دەسەڵاتدار پۆستى سەرۆكايەتى ئەو وڵاتە وەربگرێت، چونكە حزب كۆنترۆڵى هەموو شتێكى كردوە، بەسەيركردنى بژاردەكانيش ليژنەى هەميشەيى حزبى دەسەڵاتدار كە سێ كەسن دوانيان زۆر بە تەمەنن و ئەوى تريان كە سەرۆكى ئيدارەى ڕێكخراوەيى و ئاراستەكردنە بەناوى "شوى ڕيۆنگ هاى" بەهێزترين بژاردەيە بۆ ئەوەى دەسەڵات لەو وڵاتە بگرێتە دەست.

.

بەڵام "شوى ڕيۆنگ هاى" يان هەركەسێكى تر كە كۆنترۆڵى كۆرياى باكوری دەكەوێتە دەست دوو بژاردەى لەبەردەمدا دەبێت ئەوانيش، خۆى دەسەڵاتى پۆستى سەرۆكايەتى بگرێتە دەست، ياخود كەسێكى تر لە خێزانى كيم ديارى بكات بۆ ئەو پۆستە.

.

لە ئەگەرى دوەمدا، "كيم يۆ جۆنگ" خوشكى "كيم جۆنگ ئون" زۆرترين چانسى دەبێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنى ڕێوشوێنەكانى حوكمى خێزانى لە كۆرياى باكور.

.

مێژووى سياسى كۆرياى باكور جەخت لەسەر بژاردەى دووەم دەكاتەوە بۆ دياریكردنى سەركردەى وڵات و لە بژاردەكانى تر واقعى ترە، كاتێك "كيم جۆنگ ئون" كرايە سەرۆکی ئەو وڵاتە چەند كەسێكى باڵادەست و دەسەڵاتدار وەك "جانگ سونگ تايك" "ڕى يۆنگ هو" خەونى ئەوەيان هەبوو كۆنترۆڵى سەرۆکە گەنجەكە بكەن، بەڵام خەونەكەيان بە مردنى كتوپڕ كۆتايى هات.

.

كيم يۆ جۆنگ كێيە؟

دواى دەركەوتنى لە مەيدانى سياسيدا لە كۆرياى باكور لەلايەن ڕاگەياندنەكانى خۆرئاواوە تيشك خرايە سەر "كيم يۆ جۆنگ" خوشكى "كيم جۆنگ ئون"، لە بۆنە نيشتمانيەكاندا لەگەڵ براكەيدا دەردەكەوت، كيم يۆ جۆنگ خوشكى بچوكى كيم جۆنگ ئون و كچە بچوكى "كيم جۆنگ ئيل" سەركردەى پێشووى كۆرياى باكورە لە ژنى سێيەمى.

.

چاوى ڕاگەياندنەكان بۆ يەكەمجار بە گرنگيەوە چووەسەر  "كيم يۆ جۆنگ" ئەويش دواى ئەوەى بە سەرۆكايەتى وەفدێكى باڵاى وڵاتەكەى سەردانى كۆرياى باشورى كرد لە كاتى ياريەكانى ئۆڵۆمپى زستانە، ئەوەش يەكەم ئەندامى خێزانى دەسەڵاتدارى كۆرياى باكور بوو كە سەردانى هاوسێ باشوريەكەى بكات.

.

"كيم يۆ جۆنگ" دەموچاوێكى نوێ نييە لە مەيدانى سياسى كۆرياى باكور، ڕێچكەى سياسى لەگەڵ "كيم جۆنگ ئيل"ى باوكيدا دەستپێكرد و لەو سەردەمەدا لە حكومەتدا كارى دەكرد و دواتريش لەساڵى 2014 كرا بە جێگرى بەڕێوەبەرى ڕيكلام لە سەردەمى سەركردايەتى براكەيدا.

.

دواى مردنى باوكى بوەتە يەكێك لە نزيكترين كەسەكان لە براكەيەوە، ئەو پەيوەنديەش لەسەر ئاستى خوشك و برايەتى و خوێندن بەيەكەوە لە سويسرا بنياد نراوە، بەهۆى ئەوەى لە كۆرياى باكور سزاى قورسى هەر ئەندامێكى خێزانى دەسەڵاتدار دەدرێت كە زانيارى كەسى خۆى بڵاوبكاتەوە زۆر زانيارى لەسەر ناوبراو نازانرێت.

.

بەڵام بەپێى زانياريە دزەپێكراوەكان، لە 26ی ئەیلولی 1987  لە دايكێكى بەڕەگەز ژاپۆنى لەدايك بووە، لە ساڵى 1996يش لەگەڵ "كيم جۆنگ ئون"ى برايدا نێردراوە بۆ سويسرا بۆ خوێندن و لەو وڵاتە ناوى خوازراوى بەكارهێناوە وەك ناوەكانى "يۆنگ سون" و " باك مى هيانگ".

.

زانياريەكان باس لەوەدەكەن كە ناوبراو ڕۆڵى گەورەى هەبوو لە گفتوگۆكانى نێوان پيۆنگ يانگ و خۆرئاوا ئەوەش لەپێناو هێوركردنەوەى ئەو گرژيانەى بەهۆى بەرنامە ئەتۆمى و موشەكيەكەيەوە دروست بوە، هەروەها ساڵى ڕابردوو لە كۆبونەوەى لوتكەى نێوان كيم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكى ئەمريكاش لە وڵاتى سەنگافورە بەشدار بووە.