گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستی هەرێم چی لەو نەخۆشخانانە دەکات کە خێرخوازان بۆ قەیرانی کۆرۆنا دروستیان کرد؟

2020.04.21 - 18:18
تەندروستی هەرێم چی لەو نەخۆشخانانە دەکات کە خێرخوازان بۆ قەیرانی کۆرۆنا دروستیان کرد؟

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وەزارەتی تەندروستی هەرێم پلانی هەیە سەرجەم ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەى لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا کراونەتەوە بکاتە نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە گۆازراوەکان و بنکەى تەندروستی.

.

ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە نەخۆشخانەیەکی 64 قەرەوێڵەیی کرایەوە کە تایبەتە بە نەخۆشیە گوازراوەکان و نەخۆشی کۆرۆنا.

.

نەخۆشخانەکە لەسەر ئەرکی کۆمەڵێک خێرخوازی پارێزگای هەڵەبجە و شارەکانی تری هەرێم دروستکراوە، جیا لە نەخۆشخانەکەى هەڵەبجە، لەدوای قەیرانی کۆرۆنا، کۆمەڵێک نەخۆشخانەی تر لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکران.

.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "وەزارەت پلانی هەیە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هاوشێوەی نەخۆشخانە پسپۆڕییەکانی دیکە، نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە گۆازراوەکان دروست بکات".

. 

ڕوونیشکردەوە، مەبەست لەو هەنگاوە ئەوەیە کە لە حاڵەتە فریاگوزارییەکاندا توشبووانی پەتا گوازراوەکان تێکەڵ بە نەخۆشخانەکانی دیکە نەکرێن وستافی تایبەتیی پزیشکی هەناوی وهەناسە، مایکرۆبایۆلۆجی، پەرستار، کارمەندی تەندروستی و ئامێری ڕیەڵ تایم پی سی ئاڕ (RT PCR) کە تاکە ئامێرە بۆ دیاریکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تێدا فەراهەم بکرێت".

.

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان وتی: "ئەو نەخۆشخانانەی کە خاوەنەکانیان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیان کردوە دەبەن بە میلاکی وەزارەت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەو وەک بنکەی تەندروستی لەو ناوچانە بەڕێوەدەبرین، ئەوانەشی خاوەنەکانیان پێشکەشی وەزارەتیان نەکردووە ئەو خۆیان دەزانن چی لێدەکەن".

.

دەربارەی باری تەندروستیی توشبووانی کۆرۆنا لە هەڕێمی کوردستان، محەمەد قادر وتی : "بەگشتی باری تەندروستیان جێگیرە، چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنین دەکەن، هەر کاتێک ئەنجامی پشکنینەکانیان پاکبوو، ئەوانەی ماون نەخۆشخانە جێدەهێڵن".

.

وتەبێژەی وەزارەتی تەندروستی،ئاماژەی بەوەشکرد  "کە خۆشبەختانە تیمە تەندروستیەکان لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان توانیویانە پەتاکە بە باشی کۆنتڕۆڵ بکەن بۆیە ئەوا نزیکەی 72 کاتژمێرە هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە".

.

 تاوەکو ئێستا 337 کەس لە هەرێمی کوردستان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 287 (85%) کەس چاکبوونەتەوە، هەروەها تاوەکو ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە. 

 .

 لە ئێستادا ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا دوو ملیون 500 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 171 هەزارکەسیش بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیلەدەستداوە.