ناس کورد-
سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی ئاگادار، ئاشکرایکرد، ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە لەسەر بەدەستهێنانی وەزارەتە سیادییەکانی ناو کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدرا.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی نزیک لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ڕایگەیاندووە :"ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە لەسەر بەدەستهێنانی وەزارەتە سیادییەکانی ناو کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو، هاوکات لایەنێکی سیاسیش هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردووە".
.
ئەو سەرچاوە سیاسیە عێراقییە باسی لەوە کردووە، ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکان چڕبوونەتەوە لەسەر کارنامەی حکومەتی داهاتو و وەزارەتە سیادییەکان وەک وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری، ناوخۆ، دارایی و پلاندانان و ئەو کەسانەی کە بەربژێرکراون بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتانە.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان پێداگری دەکەن لەسەر مانەوەی فوئاد حسێن، وەزیرى دارایی ئێستا لە پۆستەکەی.
.
لە هەمانکاتدا ئاماژە بەوەشکراوە، لایەنێکی دیار کە یەکێک بووە لەو هێزانەی کە پشتگیریان لە بەربژێرکردنی کازمی کردووە ئێستا هەڕەشەی کشانەوە لە وتوێژەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی داهاتو دەکات.
.
ئەو سەرچاوە سیاسییە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بنەمای سیاسەتی پشک پشکێنە، ڕەنگدانەوەیەکی ڕوون و ئاشکرای هەیە لەسەر وتووێژەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەکەی کازمی، بەشێکی زۆر لە لایەنەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق بەشێوەیەکی ئاشکرا داوای پشکەکانیان دەکەن لە حکومەتی داهاتوودا.
.
لای خۆشییەوە ئەو سەرچاوە سیاسییە ، داوای کردووە، لایەنەکان دەستبەرداری سیاسەتی پشک پشکێنە بن بۆ ئەوەی دەرفەتێکی باش بۆ کازمی بڕەخسێنن تا بتوانێت حکومەتەکەی پێکبهێنێت بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆهەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بکات.
.