گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد داواکارییەکانی یەکێتی و وادەى کۆبوونەوەى لەگەڵ پارتى ئاشکرادەکات

2020.04.20 - 17:11
ناس کورد داواکارییەکانی یەکێتی و وادەى کۆبوونەوەى لەگەڵ پارتى ئاشکرادەکات

ناس کورد-

چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ڕۆژى داهاتوودا هەردوو شاندی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبینەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانى نێوانیان کە لە ئێستادا ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

ماوەى چەند هەفتەیەکە چەندین کیشە کەوتونەتە نێوان پارتى و یەکێتییەوە کە بەهۆیەوە پەیوەندییەکانیان ڕووى لە گرژى کردووە، وەکو بارگرژییە چەکدارییەکانى زینى وەرتێ و پرسی بەشدارى یەکێتى لە حکومەت.

.

دواى هەڵکشانى گرژییەکان، دوێنێ مەکتەبی سیاسی پارتى ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە نیشاندا، ئەمرۆش نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کە هاوکات جێگرى سەرۆکى پارتى یە جەختى لە بژاردەى کۆبوونەوە کردەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان.

.

زوبێر عوسمان، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "یەکێتى ئامادەى کۆوبونەوەیە و لەدوو ڕۆژى داهاتوودا کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستى مەکتەبی سیاسی هەردوولا دەکرێت، یەکێتى ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنى کۆى کێشەکان بە گفتوگۆ".

.

بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، یەکێتى شاندى بۆ کۆبوونەوەکە ئامادەکردووە کە لە چەند ئەندام و کارگێرێکى مەکتەبی سیاسی پێکهاتوون، کە لەناویاندا رزگار عەلى و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ بوونیان هەیە.

.

زوبێر عوسمان وتى، "هەردولا تێگەیشتنیان هەیە کە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن، تەنها ئەو بژاردەیەش هەیە چونکە پێشتر بژاردەى دیکە تاقیکراونەتەوە کە ماڵوێرانى بەدواوە بووە، یەکێتى لەگەڵ دوو بەرەکى و دوو ئیدارەییدا نییە".

.

هەفتەى ڕابردوو لەگەڵ زیادبوونى گرژییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لەسەر گرژییەکانى زینی وەرتێ و دانانى سێ بنکەى سەربازى جیا لەو سنورە لەلایەن پارتى و یەکێتى و پەکەکەوە، تیمى یەکێتى لە حکومەت پەیامێکى ناڕەزایی ئاڕاستەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت کرد، دواى ئەوەى بارزانى "هێرشى کردە" سەر یەکێتى.

.

لەبارەى داواکارییەکانى یەکێتى یەوە، زوبێر عوسمان وتى، "ئێمە رێککەوتنى سیاسی و ئیداریمان لەگەڵ پارتى هەیە، دەبێت بەشدارى ڕاستەقین بین لە حکومەتدا و لەسەر ئەوە سازش ناکەین، نابێت تەنها بەشداربین بەڵکو شەراکەتمان دەوێت".

.

پرسی شەراکەتى ڕاستەقینە یەکەمجار نییە کە یەکێتى داوایدەکات، لەچەند مانگى ڕابردووشدا بەهەمان شێوە ئەو حزبە داواى شەراکەتى کرد و بەهۆیەوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ پارتى رووى لە گرژى کرد، دواتر بەوتەى خۆیان کێشەکان چارەسەرکران، بەڵام ئێستا دوبارە سەریهەڵداوەتەوە.

.

"لەڕووى سیاسیەوە پارتى و یەکێتى و گۆڕان سێ پێکهێنەرى سەرەکى حکومەتین، دەبێت لە بڕیارى سیاسی وجودمان هەبێت".

.

لەبارەى گرژییەکانى زینى وەرتێوە، ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەکێتى باسى لەوەکرد، ئەوان دەیانەوێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش 23 و 25ى مانگ واتە پێش هاتنى هێز.

.

وتیشى، "لەگەڵ ئەوەشداین هێزى یەکەى 70 یان ئاسایشى ناوخۆى سەر بە حکومەتى هەرێم لەو سنورە هەبێت و حکومەتى هەرێمیش ئەگەر بیەوێت گومرگ دابنێت، نەک هێزى چەکدار و دۆشکە و بیکەیسى".