ناس کورد-
وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرای کرد، ڕێژەى 75% كارەبای هاوردە لە ئێرانەوە كەم دەكەنەوە و بۆ لەمەودواش پشت دەبەستن بە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەڕێگەی بەكارهێنانی گاز و چەند خزمەتگوزارییەكی ترەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
.
ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، بڕی وزەی كارۆئاوی لە وێستگەكانەوە بەشی پێداویستیە ناوخۆییەكان دەكات جگە لە پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا كە 20 كاتژمێر كارەبایان هەیە.
.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی كارەبای بەدەستهاتوو بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە دابەزینی ڕێژەی هەڵگرتن و زیادكردنی یەكەی بەرهەمهێنان و چەند خزمەتگوزاریەكی تر سەرەڕای دابەزینی پلەكانی گەرما و كەمتر بەكارهێنانی.
.
باسی لەوەش كردووە، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستیاندایە هەوڵدەدەن ڕێژەی كارەبای هاوردە لە ئێرانەوە لەڕێگەی هێڵەكانی گواستنەوەوە كەم بكەنەوە و هەروەها گاز بۆ وێستگەكان هاوردە دەكەن.
.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشتر نزیكەی چوار هەزار و 500 میگاواتیان لە ئێرانەوە هاوردە كردووە و نزیكەی هەزار و 200 میگاواتی لێ گەیشتووە، بەڵام ئەو گازەی كە لە ویستگەكاندا بەكاریدەهێنن دەتوانێت نزیكەی سێ هەزار و 300 میگاواتی لێ بەرهەمبهێنرێت.
.
دوای سەپاندنی سزا ئابورییەكان بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریكاوە، دەرفەت بەعێراق درا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كارەبا لە ئێرانەوە بكڕێت و لەگەڵ كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەش كە ئەمریكا دیاری كردووە دەبێت عێراق خۆی هەوڵی چارەسەركردنی ئەو بابەتە بدات و ڕێگەیەک بدۆزێتەوە.