گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موچەى فەرمانبەران لە عێراق پاشەکەوت دەکرێت؟ ئەندامێکی لیژنەی دارایی وەڵام دەداتەوە

2020.04.20 - 10:47
App store icon Play store icon Play store icon
موچەى فەرمانبەران لە عێراق پاشەکەوت دەکرێت؟ ئەندامێکی لیژنەی دارایی وەڵام دەداتەوە

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز 

بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باس لە دانانی سیستمێکی نوێی موچە و پاشەکەوتکردنی بەشێکی موچە دەکات بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایش لە پەرلەمان دەڵێت، ئەوە ئەگەرێکی قورسە و ڕێگەی دیکە هەیە، دەشڵێت، ئەگەر ئەوە بکرێت وەک بۆمبێک دەتەقێتەوە.

.

 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت: "تاوەکو ئێستا هیچ هەماهەنگی و گفتوگۆیەک لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی دا نەبووە بۆ ئەو مەبەستی دانانی میکانیزمی نوێی موچە و پاشەکەوتکردن یاخود کەمکردنەوەی،، پێشموانییە کارێکی لەو شێوەیە بکرێت، چونکە ئەوە نایاساییە و پێویستە یاسای بۆ دەربکرێت".

 .

میرزا وتیشی، ڕێگەچارەی دیکە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دروستدەبێت و هەر دوێنێش هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک ڕازی بن بە دەستکاریکردنی موچە.

 .

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رونیکردەوە، پێشتر باسیان لەوەکردووە کە موچە ڕێکخبرێتەوە، چونکە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان موچەی وەزارەتەکاندا هەیە، ئەگەر ئەوە بێت کارێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر دەستکاریکردنی موچە و کەمکردنەوەی بێت وەک پاشەکەوت، ئەوا وەک بۆمبێک دەتەقێتەوە.

 .

 ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی نیسانی 2020، عەلا فەهد، وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندیی حکومی لە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند: "وەزارەتی دارایی بەپێی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی نەوت، سیستەمی نوێی موچە دادەڕێژێتەوە و لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی لە هەماهەنگیدان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی".

 .

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشنیازەکان بریتین لە گۆڕانکاریکردن لە %25ـی مووچەی هەموو فەرمانبەران یان، پاشەکەوتکردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەران یاخود، کەمکردنەوەی پارەی بەخشراو جگە لە مووچە.

 .

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و جێبەجێکردنی یەکێک لەو پێشنیازانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی نوێی عێراق کە بڕیارە مستەفا کازمی پێکی بهێنێت.

.