ناس کورد-
سەرۆک و ئەندامێکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی پارێزگاری سلێمانیان کرد و گفتوگۆی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانیان کرد، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، تاوەکو 23ی ئەم مانگە بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ هەریەک لە هەورامان گەچێنەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی هەمان لیژنەی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
.
لەوبارەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هۆکارێکی سەردانەکەمان بۆ ئەوەبوو کە بزانین چ پلانێکیان هەیە بۆ کردنەوەی مزگەتەکان، چونکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان خەڵک زیاتر تامەزرۆی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانن".
.
بەوتەی هەلەدنی، پارێزگاری سلێمانی و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکە لەگەڵ لایەنی تەندروستیدا گفتوگۆی ئەو بابەتە دەکەن و تاوەکو 23ی ئەم مانگە بڕیار لەوبارەیەوە دەدەن کە مزگەوتەکان بکرێتەوە یاخود داخستنیان بەردەوام بێت.
.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕونیشیکردەوە، بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی و ئیداری سلێمانی و سەرجەم هەرێمیش، هێشتا دۆخەکە مەترسی هەیە و بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە، بۆیە نازانن ئاخۆ پێش ڕەمەزان مزگەوتەکان دەکرێتەوە یاخو نا.
.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای زیاتر لە مانگێک لە قەدەغەی هاتوچۆ، ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و قائیمقامییەتی سلێمانی قۆناغ بە قۆناغ بەرەو ئاساییکردنەوەی ژیان هەنگاو دەنێن و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێکی زۆر لە بازاڕ و دوکانەکان کرانەوە.