گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێکی ئەنجومەن: بارێک هێلکەى بەسەرچوو لەلایەن پۆلیسی کەلارەوە گیراوە بەڵام بەڕێوەبەرەکە ڕێگەیداوە

2020.04.19 - 13:42
App store icon Play store icon Play store icon
ئەندامێکی ئەنجومەن: بارێک هێلکەى بەسەرچوو لەلایەن پۆلیسی کەلارەوە گیراوە بەڵام بەڕێوەبەرەکە ڕێگەیداوە

ناس کورد - شەهرام عەزیز

دەستبەسەرداگرتنی بارێک هێلکە و دواتر ئازادکردنی لە سنوری گەرمیان کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، هێلکەکان بەسەرچووبوون و پۆلیسی کەلار ئازادی کردووە، سەرچاوەکیش لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی کەلار ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

.

بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە کارێکی نایاساییان کردبێت و دەڵێت، بارەکە لە هەولێرەوە هاتووەتە کەلار، پۆلیسی گەرمیانیش لێکۆڵینەوەی لەوبارەیەوە دەستپێکردووە بۆ دەرخستنی "ڕاستییەکان".

.

محەمەد وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت، کاتژمێر 10ی شەوی ڕابردوو لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار دەستیانگرت بەسەر بارهەڵگرێکی هێلکەی بەسەرچوودا.

. .

وتیشی، دوای ڕادەستکردنی بە بۆلیسی کەلار، لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کەلارەوە بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک ڕێگەی پێدراوە و دەربازبووە.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە جێگەی قبوڵ نییە و پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە، لەم دۆخەدا هەموو خەڵک بەدەست ڤایرۆسێکەوە دەناڵێنێت، ناکرێت خواردنی ماوە بەسەرچوو دەرخواردی هاوڵاتیان بدرێت.

.

"هیچ بەروار و مۆرێکی بەسەرەوە نەبووە"

هاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لیژنەکانی قائیمقامییەتی قەزای کەلار بە ناس کوردی وت: "هێلکەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیبەسەردا گیرابوو، دواتر ئێمە ئاگادار کراینەوە و چووین، ئەوەی بینیمان هێلکەکان هیچ بەروار و مۆرێکی پێوەنەبوو، تەواو نایاسایی بوو".

 .

ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت جەختیکردەوە: "هێلکەکان هیج مۆڵەتێکی لەگەڵدا نەبوو و ئێرانی بوون، بەهیچ شێوەیەک نەدەبوو ئازاد بکرێت".

لە بەرامبەردا، ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە کاری نایاسایی کردبێت و پێیوایە کێشەی شەخسیان لەگەڵی هەیە، دەشڵێت، سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکات.

 .

ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕقی لە منە و ئەو شتانە دژی من بڵاودەکاتەوە، ئەگەرنا هەمووی دوورە لە ڕاستییەوە".

 .

وتیشی: "ئێمە خۆمان گرتومانە و دواتر کە لیکۆڵینەوەمان لەگەڵ شۆفێرەکە کردووە، مۆڵەتی پێبووە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە و بارەکە لە هەولێرەوە هاتووە بچێت بۆ ناوچەکانی خواروی عێراق، بۆیە ڕێگەمان داوە بڕوات".

 .

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار ئاماژەی بەوەشکرد، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش تۆماردەکات.

 .

هاوکات هەر لەوبارەیەوە، محەمەد حاجی فایەق، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بۆ ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد: "ئاگادارکراوینتەوە لەو پرسە و لیژنەیەکی دەرخستنی ڕاستییەکانمان دروستکردووە و لێکۆڵینەوە دەکەین لەوبارەیەوە، بۆ ئەوەی بە وردی ڕاستیی ڕووداوەکە بزانین و ئاشکرای بکەین".