گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترەمپ هەڕەشە لە چین دەکات لە دەرئەنجامەکانی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا

2020.04.19 - 09:13
ترەمپ هەڕەشە لە چین دەکات لە دەرئەنجامەکانی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا هۆشداری دایە چین ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە ئەگەر دەرکەوت "بە ئەنقەست" بەرپرسیار بووە لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی پەکینیش گرت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.

 

.

ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا لە کۆشکی سپی وتی، "دەکرا ڤایرۆسەکە لە چین بوەستێنرێت بەڵام نەکرا، ئێستا هەموو جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنن."

.

بابەتی کۆرۆنا و تۆمەتبارکردنی یەکتر لەئێستادا گەرمترین خاڵی ناکۆکی ئەو دوو زلهێزەی جیهانە لەکاتێکدا شارەزایان پێیانوایە دەبێت لەم کاتەدا ئەو دوو وڵاتە بەرزترین ئاستی هەماهەنگییان هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی کۆرۆنادا.

.

“ئەگەر هەڵەیەک بووە، هەڵە هەر هەڵەیە، بەڵام ئەگەر بە ئەنقەست بووە، بەڵێ کە ئەوەش مەبەستمە، دەبێـت بە دڵنیاییەوە سزاکەى وەرگرن." بەڵام ترەمپ باسی لە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەکرد لەوبارەیەوە.

.

ترەمپ و گەورە بەرپرسانی کۆشکی سپی چین تۆمەتباردەکەن بە نەبوون شەفافیەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنادا کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە شاری ووهان سەریهەڵدا، هەفتەى ڕابردووش ترەمپ هاوکاری 500 ملیۆن دۆلاری ساڵانەى ئەمریکای بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگرت بە تۆمەتی ئەوەى "لایەنگری چین" دەکات.

.

هەرچەندە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە چینەوە دەرکەوت، بەڵام لە ئێستادا ئەمریکا پڕزیانترین وڵاتە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە، تائێستا 738 هەزار کەس لە ئەمریکا توشبوون و 39 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە چین 82 هەزار کەس توشبوون و تەنها چوار هەزار و 600 کەس گیانیان لەدەستداوە.

.

بە گشتی لە جیهاندا، ئاماری توشبووان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 332 هەزار کەس، هەروەها 160 هەزار و 784 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.