گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی: کێشەکان لەگەڵ پارتی ئاڵۆزبوون و چارەسەرکردنیان قورسە

2020.04.18 - 20:23
App store icon Play store icon Play store icon
سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی: کێشەکان لەگەڵ پارتی ئاڵۆزبوون و چارەسەرکردنیان قورسە

ناس کورد- شەهرام عەزیز

دوای ئەوەی کێشەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کێشەکانی زینی وەرتێ تەقییەوە و لێدوانی دژ بەیەک لە ئەندامانی هەردوو حزبەوە بڵاودەبێتەوە، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، کێشەکان ئاڵۆزبوون و هەموو ئەگەرێکیش لەبەردەمیاندا کراوەیە.

،

دەربارەی کشانەوەی ئەو هێزانەشی لە زینی وەرتێن دەنگۆی جیاواز هەیە و هێشتا نازانرێت کەی دەکشێنەوە، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیش لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کێشەکە تەنها زینی وەرتێ نییە دەڵێت، گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، دەربارەی ئەگەری دوو ئیدارەییش، هەڵەیەکی کاتی شەڕی ناوخۆ باس دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

"گفتوگۆ لەنێوان ئەندامانی پارتی و یەکێتی هەیە بۆ چارەسەرکردن"

 

،

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەئێستادا چەند کەناڵێک هەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نێوان یەکێتی و پارتی و هەوڵ هەیە لەوبارەیەوە و ئێمە هاوبەشین لە حکومەت، نوێنەرەکانی ئێمە و ئەوان لە حکومەت بەردەوام پەیوەندییان هەیە".

،

وتیشی: "ئەوەی تائێستا هەیە هەوڵەکان کەسین و نەبوون بەوەی دوو شاند دابنیشن لەسەر ئەو کێشانە گفتوگۆ بکەن، ئێمە پێمانباشە گفتوگۆ بکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ کاک کۆسرەت گفتوگۆ دەکەن یاخود سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی نوێ، گرنگ ئەوەیە بتوانین لەڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەین".

،

ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی پێشتریش ویستویەتی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بکات دەربارەی هەندێک پرس، بۆیە ئێستا دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر لە پێش ئەم دۆخە گرنگترە.

 

،

"کێشەکان ئاڵۆزبوون و هەموو ئەگەرێک کراوەیە، بەڵام دەکرێت چارەسەربکرێن"

،

گرفتەکانی هەردوو حزب یەکەمجارنین و پێشتر چەندین جاری دیکە ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە و تەنەنات باس لە گەڕانەوەی دوو ئیدارەیی کراوە، هەروەک لەسەرەتای پێکهێنانی ئەم کابینەیەدا کە تەمەنی کەمترە لە ساڵێک، گرفتەکان لەنێوان هەردوولادا گەیشتنە لوتکە، بەڵام دواتر گەیشتنە ڕێککەوتن.

،

 

دەربارەی کێشەکانی ئێستا، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەگەرچی ئامادەنەبوو ناوەڕۆکی کێشەکان بەوردی ئاشکرابکات، ڕایگەیاند، دەرفەت هەیە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام کێشەکان ئاڵۆزبوون و بە ئاسانی چارسەر ناکرێن، ئەگەریش چارەسەر نەکرێن، بەدڵنیاییەوە بەرەو خراپتر دەڕوات، چونکە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، گەورەتر دەبن".

،

 

 

هاوکات دەربارەی ئەگەری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت، ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەکرد: "هەموو ئەگەرێک کراوەیە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێکمان لەوبارەیەوە نییە و هەوڵدەدەین هەوڵە دیبلۆماسییەکان زیاتربن، بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین و بەردەوام بین لەگەڵ یەکتر".

،

دەکرێت دوو ئیدارەیی دروسبێتەوە؟

،

زۆرکات لەگەڵ دروستبوونی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەوەی لەنێو خەڵک و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە، باسکردن ترسی دووبارە گەڕانەوەی دوو ئیدارەییە.

،

سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی باسی لەوەکرد: "کاتی خۆی دوو ئیدارەیی لە ئەنجامی شەری ناوخۆوە هاتە ئاراوە، ئەگەر بمانتوانیایە لە سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆ قەیرانەکان خێراتر چارەسەر بکەین، ئەوەی پاش شەڕی ناوخۆ ئەو دەلاقەیە هاتە ئاراوە لەنێوان یەکێتی و پارتی ڕێی لێدەگیرا".

،

ڕونیشیکردەوە: "ئێستاش بۆیە ئێمە دەمانەوێت کێشەکە زوو چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن، بەپێچەوانەوە خێرا چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێ لە هەموو ئەگەرەکان دەگرێت".

،

چارەنوسی هێزەکانی زینی وەرتێ

،

لەو پەیوەندییانەی ناس کورد بە زۆرێک لە بەرپرسانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کردی، ئەوە دەرکەوت کە لێدوان لەبارەی پرسی زینی وەرتێ قەدەغە کراوە و هیچ بەرپرسێکی وەزارەتەکە ئامادەنەبوو لێدوانی فەرمی لەوبارەیەوە بدات، ئەوەش بۆ ئاڵۆزنەبوونی زیاتری دۆخەکە.

،

ئەگەرچیش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردی وت، پێدەچێت سبەینێ سەرجەم هێزەکان لە زینی وەرتێ بکشێنەوە، بەڵام فەرماندەیەک لە هەمان وەزارەت ئەوەی ڕەتکردەوە تائێستا هیچ بڕیارێک هەبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانیان.

،

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، هەر لەسەرەتاوە وتویانە کە ئەو هێزانە بەکاتی بردراونەتە ئەوێ و هەر دەکشێنەوە، بەڵام لەئێستادا هیچ بڕیارێک نییە بۆ کشانەوە.