ناس کورد-
ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا چەندین بڕیاری نوێی دەرکرد و لە گرنگترینیاندا بڕیاریدا بە کردنەوەی بازاڕ و دوکانەکان.
،
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕیارە نوێیەکان لەبارەی ئاساییکردنەوەی ژیان و کردنەوەی شوێنە گشتییەکان ئەمانەن:
،
یەکەم / جگە لە کافتریا و چایخانە و قاوەخانە و هۆڵەکانى لەشجوانى و پارکە گشتى و تایبەتى و یاریگا و مزگەوت ، دوکان و بازاڕ دەکرێتەوە بە مەرجی پەیڕەو کردنى سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان، وەک، بەکارهێنانى ماسک و دەسکێش و دروست نەکردنى قەرەباڵغى و جەنجاڵى و دووریی نێوان کەسەکان بە ئەندازەى دوو مەتر.
،
دووەم / خواردنگە و چێشتخانەکان دەکرێنەوە : ئەوانەى کە مۆڵەتى تەندروستییان هەیە و بەو مەرجەى کە گەڕۆک و سەرعارەبانە نەبن و خواردن بە دیلیڤەریی پێشکەش بکەن
،
سێیەم / پێشانگاکانى ئۆتۆمبیل ناکرێنەوە هەتا لە کۆبوونەوەى رۆژى 23 ى نیسان بڕیارێکیان بە پێی بارودۆخەکە لێ دەدەرێت
،
چوارەم / هەتا قەدەغەکردنى هاتووچۆى نێوان شارەکان هەڵ نەگیرێت رێگە بە هۆکارەکانى گواستنەوەى گشتیی ( پاس و مینى پاس ) نادرێ کاربکەن.
،
پێنجەم / دەربارەى نۆرینگە پزیشکییەکان بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستی راپەرین و و سەندیکاى پزیشکانى راپەرین هەماهەنگیی بۆ کردنەوە و رێکخستنەوەى کردنەوەیان دەکەن.
،
شەشەم / مەیدانەکان و هەفتەبازاڕەکان لەم قۆناغەدا هەر بەداخراویی دەهێڵرێنەوە و بوارى کردنەوەیان نادرێت.
،
حەوتەم / بڕیاى قەدەغەى هاتووچۆى نێوان شارەکان هەر جێگیرە و هێزە ئەمتییەکان رێکارەکانى پێویست بۆئەم مەبەستە دەگرنەبەر
،
هەشتەم / قائمقامییەت و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان میکانیزمى پێویست بۆ ئاسایی کردنەوەى بارودۆخ و ژیانى خەڵک دەگرنەبەر و خۆیان سەرپشکن لەم کارەدا