گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەنگاوى داهاتووی تیمی یەکێتى لە حکومەت چى دەبێت؟

2020.04.18 - 11:12
App store icon Play store icon Play store icon
هەنگاوى داهاتووی تیمی یەکێتى لە حکومەت چى دەبێت؟

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە تیمى یەکێتى لە حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، چاوەڕوانى وەڵامى مەسرور بارزانین لەبارەى ئەو یاداشتە ناڕەزاییەى ئاڕاستەیان کردووە پێش ئەوەى هەر هەنگاوێکى دیکە بگرنەبەر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

دوێنێ تیمى یەکێتى لە حکومەتى هەرێم پەیامێکى بڵاوکردەوە و یاداشتێکى ناڕەزایی ئاڕاستەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم کرد، دواى ئەوەى مەسرور بارزانى لە پەیامێکدا لەبارەى ڕووداوەکانى زینى وەرتێ "هێرشى کردبووە سەر یەکێتى".

.

سەرچاوەیەک لە تیمى یەکێتى لە حکومەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "یاداشتەکە لەبارەى هێرشەکەى سەرۆکوەزیرانەوەیە بۆ سەر یەکێتى لە دوایین پەیامیدا، لەکاتێکدا هەردولا هاوبەش و پێکهێنەرێکى سەرەکى حکومەتین".

.

مەسرور بارزانى لە پەیامێکدا کە دوێنێ بڵاویکردەوە هۆکارى گرژییەکانى زینى وەرتێى گەڕاندبووەوە بۆ "یاخیبوونى تاقمێک"، کە بەوتەى ئەو روبەڕووى حکومەت بوونەتەوە.

.

لەبارەى هەنگاوى داهاتووى تیمى یەکێتى لە حکومەت، سەرچاوەکە وتى، "جارێ چاوەڕوانى وەڵامى مەسرور بارزانى دەکەین، هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە بۆ وەڵامدانەوەى".

.

تیمى یەکێتى لە حکومەت لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە، "بەشداریكردنی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەمینی حكومەت لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی بوو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان". 

.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، "ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە تیایدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان". 

.

بەشێک لە بەرپرسانی پارتی ڕاگەیەنراوەکەى تیمی یەکێتی دەگەڕێننەوە بۆ "بوونی فشار" لەسەریان، هەرچەندە ناس کورد پەیوەندى بە وتەبێژى حکومەتەوە کرد بەڵام وەڵامى نەدایەوە.

.

هۆکاری ڕاگەیەنراوی تیمی یەکێتی؟

هاوکات سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانى ئەو هەڵوێستەى تیمى یەکێتى لە حکومەت پەیوەندى بەوەوە هەیە کە لەگەڵ سەرهەڵدانى گرژییەکانى ئەم دواییە و ڕووداوەکانى ڕابردوو بەتایبەت لەسەر هەندێ کار و بڕیارى حکومەت، پارتى بە یەکێتى وتووە هەموو ئەوانە بە ڕەزامەندى تیمى یەکێتى کراون".

.

لەدواى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتەوە تا ئێستا، چەندین جار کێشە و ئاڵۆزى کەوتووەتە نێوان پارتى و یەکێتییەوە و دواتر چارەسەریان کردوون.

.

چەند مانگێک لەمەوبەر لەسەر پرسی دەسەڵاتەکانى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت و ژمارەیەک پۆستى یەکێتى لە حکومەت کە هێشتا پڕنەکرابوونەوە، هەردوولا کێشە کەوتە نێوانیانەوە، دواتر بە وتەى خۆیان کێشەکان چارەسەر کران.

.

کێشەکانى ئێستا دواى گرژییەکانى زینى وەرتێ سەریانهەڵدا، بەتایبەت کە بەهۆى ڕێکنەکەوتنیانەوە لەسەر دانانى بازگەیەکى هاوبەش لەو ناوچەیە، هەریەکە لە پارتى و یەکێتى و پەکەکە بەجیا بارەگاى سەربازییان لەو ناوچەیە دانا.