ناس کورد-
فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق وەڵامى ئەو کەسانەى دایەوە کە داوادەکەن رێوشوێنەکانى بوونى کۆنتڕۆڵکردنى چەک لەلایەن بەغداوە پێشمەرگەش بگرێتەوە و جەختدەکاتەوە تا ئێستا دانوستانیان لەگەڵ ستەفا کازمى دەستپێنەکردووە.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئارام باڵەتەیی وتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هەندێ لایەن و کەس دەرکەوتوون کە هەوڵدەدەن کارتەکان تێکەڵ بکەن و داوادەکەن رێوشوێنەکانى بوونى چەک تەنها لە دەستى دەوڵەت پێشمەرگەش بگرێتەوە".
.
وتیشى "پێشمەرگە شەرعیەتى دەستورى هەیە بەپێی بەندى پێنجەمى ماددەى ١٢١ى دەستور، ئەو کەسانەى ئەو داوایانە دەکەن بڕوایان بەدەستور نییە یان لێی تێناگەن".
.
وتەبێژى فراکسیۆنى پارتى جەختى لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە ناتوانن میلى کاتژمێر بگەڕێننەوە دواوە، مافەکانى گەلى کوردستان شەرعیەتى دەستوریان هەیە و جێگەى سازش و سەفقەى سیاسی نین.
.
لەبارەى گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت، ئارام باڵەتەیی دەڵێت "هێشتا نەچونەتە ناو دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەتەوە لەبارەى وەزارەتەکان و ئەو کەسانەى کە ئەو پۆستانە دەگرنەدەست، ئەو بڕیارە لەهەرێم دەدرێت بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو، بەبێ قبوڵکردنى ئامۆژگارى هەر کەس و لایەنێک کە مەبەست و ئامانجیان ڕوونە".
.
ئەوە لەکاتێکدایە، مستەفا کازمى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت هەفتەى ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، کابینەکەى ئامادەیە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەستپێدەکات بەمەبەستى تێپەڕاندنى کابینەکەى لە پەرلەمان.