پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی حیکمە پێشبینی دەکات هەفتەى داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەى مستەفا کازمی ئەنجام بدرێت و دەڵێت، کازمی چانسێکی زیاتری هەیە بەراورد بە عەدنان زورفی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن خەلاتی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیکمە بە میدیا عێراقییەکانی وت "بارودۆخی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو زۆر باشترە لەوەى پێشووتری و کۆدەنگی تەواو هەیە بۆ پشتیوانی، بۆیە هیچ ڕێگەیەکی ترمان لەبەردەست نییە جگە لە متمانەدان پێی."
وتیشی، "ئەو قەیرانانەى عێراقی پێدا تێپەردەبێت جۆراوجۆرن لە سەروی هەمووشیانەوە کۆرۆنا، بۆیە دەبێت هەمووان بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە بکەن بە تایبەت دوای پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لەدوای خۆپیشاندانەکانەوە، پێویستە هەمووان واز لە پشکپشکێنە و دەستکەوتی حزبی بهێنن."
خەلاتی پێشبینیشی کرد کە هەفتەى داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی بۆ متمانەدان بە کابینەکەى بەڕێوەبچێت.
وتیشی، "هەرچەندە لایەنە سیاسییەکان کازمییان سەرپشتکردووە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کابینەکەی، بەڵام هێشتا پێویستە گوێ لە ڕا و بۆچوونی لایەنەکان بگرێت و تێڕاوانینیان لەبەرچاو بگرێت چونکە گرنگن بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز بۆ ئیدارەدانی دۆسیەکان."
پێنجشەممەى پێشوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق مستەفا کازمی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت.