گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆچبەرانی بێلانە لە بەریتانیا لەسەر شەقامەکان دەخەون و مەترسی توشبوونیان هەیە بە کۆرۆنا

2020.04.17 - 08:37
App store icon Play store icon Play store icon
کۆچبەرانی بێلانە لە بەریتانیا لەسەر شەقامەکان دەخەون و مەترسی توشبوونیان هەیە بە کۆرۆنا

هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی پێدانی شوێن و خزمەتگوزاری پێدان، بەڵام کۆچبەرانی بێلانە و هەژار لەو وڵاتە هێشتا لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان دەخەون کە ئەوەش ئەگەری توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

مانگی ڕابردوو، بۆریۆس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی دا بە دابینکردنی پەناگە و پشتگیری و هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە کۆچبەرانی بێلانە و ماڵ.

بەڵام ڕێکخراوە خێرخوازیی و مرۆییەکانی وەک کرایسس، پەبلیک ئینتریست لۆو سەنتەر، مایگرانت ڕایتس نێتوۆرک و پڕۆجێکت 17 دەڵێن سەرۆکوەزیران بەڵێنەکەى نەبردووەتەسەر، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەى زە گاردیانی بەریتانی.

ڕێکخراوەکان بە ڕۆژنامەکەیان وتووە کە هێشتا کۆچبەرانی بێلانە لەسەر شەقامەکان دەخەون و پێداویستی ڕۆژانەیان نییە، چونکە کاتێک داوای هاوکاری و پشتگیرییان کردووە ئەنجومەنی شار و ناوچەکان بێئومێدیان کردوون یاخود ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییانە ڕوون نییە و کۆچبەران نەیانتوانیوە داوای هاوکاری بکەن.

کۆچبەرانی بێلانە جیاوازن لە کەسانی تری بێلانە، چونکە ئەوان زۆرجار خۆیان دەشاردنەوە تاوەکو لەلایەن تیمەکانی کۆچبەرانەوە دەستگیرنەکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەکەى گاردیان، زۆربەى کۆچبەرانی بێلانە ناویان لای بەرپرسانی ناوچە و ئەنجومەنەکاندا نییە.

چەند کۆچبەرێکی بێلانە کە قسەیان بۆ گاردیان کردووە دەڵێن کاتێک داوای هاوکارییان کردووە بەڵام بەبێ ئەنجام گەڕێنراونەتەوە.

پەناخوازێکی 58 ساڵی نەیجیری بە ڕۆژنامەکەی وتووە کە ماوەى 16 مانگە خەریکە داواکاری مافی پەنابەرێتی نوێ پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بکات بەڵام تائێستا نەیتوانیوە، چەند ساڵێکە ئەو پەناخوازە لە شەقام و دەرەوە دەخەوێت و هیچ شوێنێکی نییە بۆی بڕوات.

ئەو دەڵێت، "توشی ئاڵنگاری زۆر دەبمەوە بۆ دەستخستنی خواردنی ڕۆژانەم چونکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆربەى ڕێکخراوە مرۆییەکان داخراون، سوپاس بۆ چەند کەسێک کە لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان شتێکم پێدەدەن تاوەکو زیندوو بمێنم."

هەفتەى ڕابردوو ڕێکخراوە مرۆییەکان نامەیەکیان بۆ بەرپرسانی خۆجێی نوسی و داوایان لێکردن هاوکاری ئەو کەسانە بکەن.

ئەو ڕێکخراوانە لە نامەکەیاندا دەڵێن، "پێشکەشنەکردنی هاوکاری پێویست بۆ ئەو کەسانەى پێویستیانە شکستهێنانێکی ئەخلاقییە، هەروەها تەندروستی گشتیش دەخاتە مەترسییەکی جدییەوە چونکە کۆچبەران ناتوانن ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیڕەو بکەن."

کۆچبەرێکی تر بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "من لەئێستادا ناچارم بە دەرەوە بمێنمەوە، سوپاس بۆ هاوڕێکەم کە ڕێگەم پێ دەدات تەنها بۆ کاتی خۆشۆردن بچمە ماڵەکەى، من زۆر دەترسم لە دەرەوە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببمم لە کاتێکدا لە دەرەوە دەخەوم."