گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەری هەناسەسواری توشبووانی کۆرۆنا مەساج بۆ نەخۆشەکان دەکەن

2020.04.16 - 10:58
App store icon Play store icon Play store icon
پزیشکەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەری هەناسەسواری توشبووانی کۆرۆنا مەساج بۆ نەخۆشەکان دەکەن
ناس کورد- لە بری بەکارهێنانی ئامێرەکانی هەناسەدانى دەستکرد بۆ چارەسەرکردنی هەناسەسواری توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پزیشکەکانی ئەمریکا ڕێگە چارەیەکی دیکە دەدۆزنەوە ئەویش مەساجکردنە. . بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە لەو وڵاتە، ئەو هەڵکشانەش دۆخی نەخۆشخانەکان و تیمە تەندروستییەکانی ئەمریکای زیاتر سەخت و ئاڵۆزتر کردووە. . ئاماژە بەوەکراوە، کەمی ژمارەی ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد لە نەخۆشخانەکانی شاری نیویۆرک زیاتر کاری پزیشکەکان و تیمە تەندروستییەکانی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری کردووەتەوە، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە دژوارە پزیشکەکانی ناوەندی"لینکن"ی پزیشکی لە ناوچەی بڕۆنکسی شاری نیویۆرک ڕێکارێکی پزیشکی نوێیان پەیڕەو کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە دووچاری هەناسە سواری بوونەتەوە بەهۆی توشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا، ئەوەش بەبێ ئەوەی بیانخەنە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە. . نایڵ سیماڵۆڤیچ، کەیەکێک لە پزیشکەکانی هۆڵی چاودێری وردە لە نەخۆشخانەی"لینکن" لە شاری نیۆیۆرک دەڵێت :"سەرەتا هەموو ئەو نەخۆشانەی کە توشی هەناسە سواری دەبوون بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕاستەوخۆ دەخرانە ژێر ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکردەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەناسە بدەن ئەوەش وایکردبوو ئامێرەکانی هەناسەدان لەگەڵ هەڵکشانی نەخۆشەکان کورت بهێنێت". . دەشڵێت : "سەرەتا وبەهۆی زۆربوونی شەپۆلی نەخۆشەکان دەرفەتی ئەوەمان نەبوو ڕێگاچارەی زیرەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لە کەمی ژمارەی ئامێرەکان ڕزگارمان بێت، چونکە هەموومان لە هەوڵی ئەوەدابووین زۆرترین گیانی توشبووانی پەتاکە لە مردن ڕزگار بکەین، بەڵام پاش ماوەیەک لە ئاشنا بوونمان بە نەخۆشییەکە توانیمان درک بە ڕێگایەکی دیکە بکەین، ئێستا ڕێگەی دیکە پەیڕەو دەکەین بۆ ئەو نەخۆشانەی کە شێوازی کارکردنی سییەکانیان لە نەخۆشەکانی تر باشترە ئەویش لەڕێگەی" مەساجکردنەوە" یارمەتی هەناسەدانیان بدەین و ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکردیش بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە دۆخی تەندروستیان زۆر خراپە و ناتوانن بە هیچ شێویەک هەناسە بدەن". . سیماڵۆڤیچ، ڕوونیکردوەتەوە  "لە ئێستادا تیمە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکانی نیویۆرکدان و داوا لەو کەسانە دەکەن کە بەهۆی توشبوونیان بە کۆرۆنا هەناسە سواریان هەیە  فشار بخەنە سەرخۆیان و هەوڵبدەن بەردەوامبن لە هەناسەدان و بە هیچ شێویەک کۆڵنەدەن چ بە شێوازی ڕاوەستان بێت یاخود بە دانیشتنەوە لەسەر کورسی". . ئەو پزیشکە ئەمریکییە دەڵێت  "پاش تاقیکردنەوەی ئەو ڕێگایە، بۆمان دەرکەوتووە کە توشبووانی کۆرۆنا دەتوانن بەو ڕێگایە بەردەوامبن لە هەناسەدان و ڕزگاریان بێت لەمردن بێ ئەوەی پێویستان بە  ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەبێت". دەشڵێت:  "لە ئێستادا بۆ ئەوەی زیاتر ئەو ڕێگایە کارا بێت، پزیشکەکان نەخۆشەکان ڕادەهێنن لە سەر باشتر بەکارهێنانی سییەکانیان ئەویش لەڕێگەی پاڵکەوتنیان لەسەر پشت بە تایبەتی لە سەر ئەو تەختانەی کە بەکاردەهێنێریت بۆ یارمەتیدانی ژنانی دووگیان لە کاتی منداڵبووندا، چونکە ئەو جۆرە تەختانە چەند تایبەتمەندییەکی تێدایە مەساج بۆ سک و سینگ دەکات، ئەوەش زیاتر یارمەتی هەناسەدانی دروست دەدات. . لەکۆتایدا ئەو پزیشکە بە ڕۆژنامە ئەمریکییەکەى وتووە "دۆزینەوەی ئەو ڕێگایە وایکردوە ئەوەندە پێویستمان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەبێت، ئەو ئامێرانەشی کە بەردەستن بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاربهێنرێت کە دۆخی تەندروستیان زۆر ناجێگیرە". .

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە