ناس كورد-
مارك ئيسپەر وەزيرى بەرگرى ئەمريكا ڕایگەیاند، تائێستاش چين زانياريەكانى تايبەت بە ڤايرۆسى كۆرۆنا دەشارێتەوە كە پێويستن بۆ جيهان لە شەڕى دژى ڤايرۆسەكە و داوا دەكات پەكين زانياريەكان ئاڵوگۆڕ بكات.
.
ئيسپەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵى "فۆكس نيوز"ى ئەمريكى ئاماژەى بەوەدا، ئەگەر چينيەكان زياتر شەفاف بونايە لەكاتێكى زوودا و زانيارى زياتريان ئاڵوگۆڕكردايە، ئەوا ئێستا لێکتێگەيشتنێكى زياترمان دەبوو لە چۆنێتى مامەڵەكردن لەگەڵ ڤايرۆسەكەدا.
.
رونيشيكردەوە، تائێستاش دەيانبينين كە زانيارى دەشارنەوە، بۆيە پێمانوايە كە پێويستمان بەهەوڵى زياتر و پەستانى زياترە لەسەريان بۆ ئەوەى زانياريەكان بەشدارى پێبكەن.
.
ڕۆژى (سێشەممە) دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى ئەمريكا فەرمانى كرد بە وەستاندنى پارەى ڕێكخراوى تەندروستى جيهان لانيكەم بەشێوەيەكى كاتى، ئاماژەى بەوەشدا كە "ڕێكخراوەكە شكستى هێناوە لە ئەركەكانى و پێويستە ڕوبەڕوى لێپرسينەوە بكرێتەوە".
.
هەروەها تۆمەتەكانى ئاراستەى چين كرد بەوەى كە زانياريەكانى دەربارەى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا ڕوون نين و پێشى وايە كە دەتوانرا زوو هەست بە مەترسى ڤايرۆسەكە بكرايە ئەگەر ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى بە باشى مامەڵەى لەگەڵ ڕاپۆرتەكان بكردايە، ئەو ڕێكخراوەشى بە پاڵپشتيكردنى چين تۆمەتبار كرد.
.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە